بڵاو بوونەوەی هەواڵی خۆكۆژی فەریناز خسروانی لە شاری مەهاباد، پەردەی لە سەر لاپەرەیەكی دیكە لە جینایەتەكانی دەست و پەیوەندەكانی رژیمی كۆماری ئیسلامی لە دژی ژنان هەڵدایەوە. رۆژی دووشەممە 14ی گۆڵان، فەریناز خسروانی میوانداری هۆتێلی تارا لە شاری مەهاباد كە پێشتر لە لایەن خاوەنی هۆتێلەوە هەستی بە مەترسی دەستدرێژی كردن كردبوو، دوای ئەوەی مەئمورێكی ئیتلاعات دەیهەوێت بچێتە ژوورەكەی و دەستدرێژی بكاتە سەری، ناچار دەبێ لە پەنجەرەی ژوورەكەی لە قاتی چواری هۆتێلەكەوە خۆی فرێ بداتە خوارەوە و بەم هۆیەوە گیانی لە دەست بدات.
ئەمە یەكەمجار نییە كە دەست و پەیوەندەكانی رژیمی كۆماری ئیسلامی بە شێوەی وەحشیانە دەستدرێژی دەكەنە سەر ژنان، نمونەی لەم چەشنە لە كۆمەڵگای ئێران و كوردستان زۆر لەوە زیاترە و دەیان و سەدان ژن بوونەتە قوربانی. ریحانەی جەباری نمونەیەكی هەر بەرچاوی ئەم كارە قێزەونەیە كە بە هۆی كوشتنی مەئمورێكی ئیتلاعات كە ویستبووی دەستدرێژی بكاتە سەری ئێعدام كرا. هەڵدانەوەی ئەم جینایەتانە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی، ئەو راستییەمان بۆ دەردەخات كە ئەگەر لە كۆمەڵگاكانی دیكە ژنان دەكەونە بەر مەترسی دەستدرێژی و توندوتیژی، ئەوە پەنا دەبەنە بەر یاسا و حكومەت، بەڵام لە ئێران نەتەنیا یاسا و بەرێوەبەرانی یاسا پاڵپشت نین بۆ ژنان، بەڵكوو خۆیان تاوانبارانی سەرەكین لە پێكهێنانی كەشوهەوای ترس و توقاندن بە سەر ژناندا.
لە كۆمەڵگایەك وەك ئەفغانستان كە ساڵانێكی زۆر لە ژێر سێبەری رەشی تالیبان و ئیسلامی توندرەو بووە، كاتێك ئیسلامیەكان فەرخوندە 27 ساڵ تەمەن بە بیانووی سوكایەتی بە قورئان ئاگر دەدەن و دەیكوژن، ژنان و پیاوانی ئەفغانی دەرژێنە سەر شەقامەكان و دژی ئەم جینایەتە خۆپیشاندان دەكەن و دەوڵەتیش لە زووترین كات لێژنەیەك بۆ بەدواداچوونی ئەم كارە دادەنێت. بەڵام بە داخەوە لە ئێران نەتەنیا دەوڵەت خۆی وەك تاوانباری سەرەكی هیچ هەوڵێك نادات و چاوپۆشی لێدەكات، لەوە خراپتر بێدەنگی خەڵكی ئێران و بە تایبەت كوردستان لە ئاست ئەم جینایەتەیە.
ئێمە وەك رێكخراوی ئاسۆی ژنی كورد هەموو ئەو سیستەم و دابونەریت و كلتورە دواكەوتووانە و پیاوسالاریە مەحكوم دەكەین كە كەشوهەوای ترس و توقاندن بە سەر ژناندا زاڵ دەكات و ئەوان ناچار بە خۆكۆژی دەكات. مەرگی فەریناز خسروانی نا یەكەم جینایەتە دژی ژنان و نا بێ گومان دوایین جینایەتیش دەبێ. هەروەها داوا لە هەموو ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و مرۆڤدۆستی كوردستان دەكەین دژی ئەم جینایەتە و هەروەها هەموو ئەو كلتور و نەریتە دژە ژنانە بوەستنەوەو رێگە نەدەن چیتر كچان و ژنان ببنە قوربانی.
لە كۆتاییشدا داوا لە سەرجەم رێكخراوەكانی ژنان و هەموو چالاكانی ئەم بوارە دەكەین یەكدەنگ و یەكگرتوو بن لە مەحكوم كردنی ئەم جینایەتە و هەموو هەوڵەكانی خۆیان وەگەڕ بخەن تا گوشاری دەرەكی و ناوخۆیی بخرێتە سەر بەرپرسانی رژیم بۆ بەدواداچوونی ئەم رووداوە و تاوانبارانی سەرەكی بە سزای خۆیان بگەینن.
رێكخراوی ئاسۆی ژنی كورد
16ی گوڵانی 1394ی هەتاوی
6ی مەی 2015ی زایینی