رۆژی پێنجشەممە عەلی ئەشرەف دەروێشیان، نوسەری خەباتكار، خۆشەویستی ئەدەبیاتی بەرگریی، یەكێك لە كۆڵەكە بەهێزەكانی بزوتنەوەی سیاسی دژ بە رژیمی ئیسلامی، كەسایەتی بەناوبانگ لەبەڕەوڕووبوون لەگەڵ دەسەڵاتی ئیسلامی كە “لەسەر سفرەی خوێناویی ئەم رژیمە دانەنیشت”، ناوێك كە لەگەڵ خۆیدا رەنجەكانی گەلی ستەملێكراوی كوردی بە جیهان زیاتر ناساندو تا ئێستاش زیاتر ئێعتبار بە ئامانجە سوسیالیستییەكان دەبەخشێت، ماڵئاوایی لە ژیان كردو بۆ هەمیشە جەماوەری گەورەی لایەنگرانی خۆی بەجێهێشتو وەك “سەمەد” بەزیندویی مایەوە.
لەتیف تەڵخستانی، كە هەمووان بەناوی عەلی ئەشرەف دەروێشیان دەیناسین، زیاتر لە هەموو شتێك مرۆڤێكی بەئەمەك بوو و خاوەنی ئەو بەهاو پرەنسیپانە بوو كە عەلی ئەشرەف دەروێشیانی لێدروست كرد. یەكێك لەو ئاواتانەی كە ئەو بۆ دەژیا ئەوە بوو كە دەیوت “یەكێك لە ئاواتە گەورەكانی من بوونی كۆمەڵگایەكە كە تێیدا مرۆڤ نەچەوسێتەوە. ئەندێشەو قەڵەم دەبێت ئازاد بێت. بیرو ئەندێشەی ئینسانەكان سانسۆر نەكرێت”. بەڕاستیش ئەو سەربەرزانە لە رێگەی ئارەزوەكانی جەنگاو وەفادار مایەوە.
ناوو ناوبانگی عەلی ئەشرەفی دەروێشیان لەمێژوودا دەمێنێتەوە. ناوی ئەو لەسەر ناوچەوانی مێژووی ستەملێكراوانو خەباتكارانی راستەقینەی عەداڵەتو ئازادیو سوسیالیزم دەدرەوشێتەوە. بێگومان لەدەستدانی ئەم مرۆڤە مەزنە، خەسارێكی گەورەیە بۆ بزوتنەوەی هەژارانو ستەملێكراوان، بۆ ئەدەبیاتی بەرگرییو بۆ گەلی ستەملێكراوی كوردو بۆ بنەماڵەكەی.
بەم بۆنەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی شاناز دارابی هاوسەری فیداریو، منداڵەكانی بێهرەنگ، گوڵبەرگو گوڵڕەنگ دەروێشیانو، میترا دەروێشیانی خوشكیو گەلی كوردو هەموو لایەنگرانو ناوەندی نوسەرانی ئێران دەكەین.
ناوی ئەم مرۆڤە گەورە و مەزنە بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
دەستەی كارگێڕیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
5ی خەزەڵوەری 1396/ 27ی ئۆكتۆبری 2017