ئاخێز و خرۆشانی جەماوەری سیناریۆکانی رژیمیان پووچەڵ کردەوە.
هەفتەی رابردوو بۆ کۆماری ئیسلامی لێوانلێو بوو لە بێ ئابروویی و ریسواییەکی بێ وێنە لە مێژووی دەسەڵاتدارەتی خۆیدا. لەم هەفتەیەدا کۆمەڵێک سیناریۆ بەرێوە چوون کە زۆر زوو بوونە مایەی رێسوابوونی ئەم رژیمە و پەڵەیەکی رەش بە تەوێڵی دەست و پێوەندەکانیەوە. بە سازدان و خستنەرێی شانۆگەریی ناشتنی مەیتی قاسم سولەیمانی، مردن و کەوتنە ژێرپێی دەیان کەس،فرمێسک هەڵرشتنی کاربەدەستانی رژیم،هاویشتنی مووشک بۆ ئەم لاولا لە ژێر ناوی” تۆڵەسەندنەوەی قورس”دا و،خستنەخوارەوەی فرۆکەیەکی نەفەرهەڵگر روخساری راستەقینە و داعشیانەی ئەم رژیمە و بەرهەم و ئاکامی دەسەڵاتدارییەتی چواردەیەیی کۆماری ئیسلامی خستەبەر دیدەی هەموو جیهان.لە نێوخۆی وڵاتیشدا ئەم شانۆگەریانەی حکوومەتی ئیسلامی نەتەنیا نەبوونە یارمەتیدەر و پاڵپشتێک بۆ پێگەی لەرزۆک و لاوازی،بەڵکوو بوونە هەوێنی یەکگرتووی جەماوەر و یەکخستنی شەپۆلی توورەیی و بێزاری خەڵک وبەهێزبوونی هەستی خەباتکارانەیان. رۆژی رابردوو کە لەژێرگوشار و بە زۆرەملێ دانیان بەوەدانا کە فرۆکە ئۆکراینیەکەیان خستۆتەخوارەوە،بەخێرایی شەپۆلێکی بەرین لە نارەزایەتی دەربرینی جەماوەری لە سەرتاسەری ئێران کەوتە رێ.کاربەدەستانی رژیم کە لەو سێ رۆژەدا بەهۆی قسەی پروپووچ و نادروست بە تەواوی ریسوا و شەرمەزار ببوون،کەوتنەخۆ بۆ ئەوەی تاوانی ئەم جینایەتە درندەیە لە ئەستۆی خۆیان داماڵن. بەڵام خرۆشی جەماوەری رۆژی رابردوو هیچ دەرفەتێکی بۆ خۆدزینەوەی رژیم لەو جینایەتە نەهێشتۆتەوە.لە تاران،ئیسفەهان،مەشهەد و رەشت بەداگیرساندنی مۆم و لە سنە و شیراز وێرای هاوسۆزی جەماوەری و لەگەڵ دەربرینی هاودەردی و هاوخەمی قووڵی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەی گیانبەختکردووانی ئەم کارەساتە،جەماوەری خەڵک رژانە سەر شەقامەکان و زۆر چاونەترسانە و بە روونی و بە ئاشکرایی لەدژی سیستمی دەسەڵاتدار دروشمیان دا.خەڵکی توورە و نارازی و، ئیرادە و ورەی بەرزیان بەرانبەر بە کاربەدەستان و رژیمێک کە لەوپەری بێ ئابروویدا درۆهەڵبەستنەکانی ئاشکرا بوون و لە بیرورای گشتی جیهاندا سووک و چرووک بووە، نیشانیاندا کە بەباشی لەو راستییە تێگەیشتوون کە پێویستە ویلایەتی فەقی و رێبەریی نیزام و سپا و بەگشتی سەرانی دەسەڵاتی ئیسلامی ئامانجی هێرشی جووڵانەوەکەیان بێ.تەقینەوەی بورکانی نارەزایەتی جەماوەری رۆژی رابردوو درێژەی ئاخێز و راپەرینە جەماوەرییەکەی مانگی خەزەڵوەری رابردوو و بەفرانباری ١٣٩٦ە کە هەرجارەو گورزێکی کاریگەری لە پێکهاتەی ئەم رژیمە داوە.هەموو دیاردەکان نیشان دەدەن کە راپەرینی جەماوەری پەرەدەستێنێ و لەبەرامبەردا ماشێنی سەرکوت و داپڵۆسینی کۆماری ئیسلامی هەم لە نێوخۆی وڵات و هەمیش لە بەرچاو و لە بیرورای گشتی خەڵکی جیهاندا و لەگەڵ دەستپێک و سەرهەڵدانی هەر قۆناغێک شۆرش و نارەزایەتی جەماوەری دەستەوەستان و لاوازتر دەبێ و جارلەگەڵ جار زیاتر لە گرێژنە دەچێ و بەرەوە هەڵتەکان دەروا. ئەم رۆژانە سەلمێنەری ئەو راستییەن کە بزووتنەوەی جەماوەری خاوەن هێز و توانێکی زۆرە و کوشتار و سەرکوتی رژیم نەیتوانیوە جەماوەر لەپێ بخات.
بەهێز بێ خرۆشانی یەکگرتوانەی جەماوەری
برووخێ کۆماری ئیسلامی ئێران
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٢ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی
١٢ی ژانوییەی ٢٠٢٠ی زایینی.