نزیک بە نیو سەدە بە سەر خەباتی کۆمەڵە و ٤٠ ساڵیش بە سەر ئاشکرا بوونی ئەو خەباتە بێ وچانەدا تێ دەپەڕێت.
کۆمەڵەیەک کە لە نێو سەردەمێکی لێڵ و تارمایی مێژووییدا و لە سەر دەستی کۆمەڵێک لاوی تێگەیشتوو و پێگەیشوو کە ھزر و ئەندێشەی نوێخوازی و پێشکەوتنخوازییان لە نێو کۆڕ و کۆمەڵە رووناکبیریەکانی زانکۆدا چرۆی کردبوو، مۆمی خەبات و تێکۆشانی خۆی داگیرساند و تروسکەی ھیوایەکی گەشی بۆ گەیشتن بە ئاسۆی رزگاری یەکجاریی خەڵکی ھەژار و زەحمەتکێش، خستە دڵی گەلی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستاندا.
کۆمەڵە لە ماوەی چەن دەیە خەباتی خۆیدا، بەردەوام ھەوڵی داوە کە نەک لە قەوارەیەکی قەتیس ماوی حزبیدا لە ساحەی سیاسی دەور و نەقش بگێڕێت، بەڵکوو بەردەوام تێکۆشاوە وەکوو بزووتنەوەیەکی فکری و رووناکبیری، بە نوێ کردنەوەی ئەندێشە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ئەو لاوانەی روو دەکەنە کۆمەڵە، ھەموو بوارە مەدەنی، ھونەری، ئەدەبی و ھتد بخاتە ژێر کاریگەری خۆی ۆ لەگەڵ زانستی سیاسی ھاوتەریبیان بکات و بەردەوام ھەوڵی داوە کۆمەڵگا لە ھەموو رەھەندە سنفی و کۆمەڵایەتیەکانەوە لەگەڵ نوێترین ھزر و بیرۆکە سیاسیەکانی سەردەم کە دەتوانن گونجاوترین خزمەت بە کۆمەڵگای کوردستان بکەن، رێک بخات.
کۆنەپەرستی و دواکەوتوویی کە سەدان ساڵە بە چەقبەستووی کۆمەڵگا نەریتیەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت گەلی کوردی لە بوارەکانی وەکوو، نەتەوایەتی، چینایەتی و رەگەزی بریندار کردووە و بەردەوام بەم زامە ساڕێژ نەکراوانەوە ئازاری چێشتووە، بووەتە ھۆی ئەوەیکە بیری چەپ کە نوێنەرایەتی راستەقینەی خەبات دژی ئەم نادادپەروەری و نایەکسانیە دەکات، لە کۆمەڵگای کوردستان بە ئاستێکی بەرچاو لەق و پۆپ دەر بکات و کۆمەڵە وەک سەرتۆپی ئەو بزووتنەوە دژە نایەکسانی و ناعادڵانە و ئەو ھەموو تاریک بیریە، بەردەوام ھەوڵی نەھێشتنی ئەو نەریتە چەوسێنەرانە و ساڕێژ کردنی ئەو برینە سەدان ساڵەیە داوە.
ئێمە وەکوو رێکخراوی لاوانی پێشڕەو وێڕای رێز و پێزانین بۆ ئەو ھەوڵە مرۆڤدۆستانەی کۆمەڵە و رێز گرتن و بەرز نرخاندنی خەبات و تێکۆشانی ھەزاران کچ و کوڕی ئازا و بە ئەمەگی کوردستان، کە لە سەنگەری خەبات بۆ ھێشتنی ھیچ چەشنە ھەڵاواردن و نادادپەروەریەک گیانبازییان کردووە و ماندووبوونیان کێشاوە، ھەوڵ دەدەین بە بەرز راگرتنی ئاڵای درەوشاوەی کۆمەڵە و پێڕەو کردنی ئەو پرەنسیپ و دیسیپلینە بەرز و مەزنانە، درێژەدەری رێگای پیرۆزی کۆمەڵە بین کە بەردەوام پڕ بووە لە مرۆڤی شۆڕشگێڕی شێلگیر.
پیرۆز بێت ٢٦ی رێبەندان رۆژی کۆمەڵە
سەرکەوتوو و بەردەوام بێت بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان
رێکخراوی لاوانی پێشڕەو
كومیتەی ئاڵمان
١١ی فێڤریەی٢٠١٩ی زایینی