ئەمرۆ یەكشەممە 17ی مانگی مەی 2015، لەشاری یوتوبۆری وڵاتی سوید، خۆپیشاندانێك بۆ پشتیوانی لە خەڵكی راپەڕیوی مەهابادو رێزگرتن لە فەریناز خوسرەوانیو مەحكومكردنی كۆماری ئیسلامی بەڕێوەچوو.
لەو خۆپیشاندانەدا كە ژمارەیەك بەرچاو لە كوردانی هەرچوارپارچەی كوردستان بەشداربوون، لەلایەن ئەنجومەنی كۆمەڵە كوردییەكانو بە پاڵپشتی 10 حیزبی كوردستانی رێكخرابوو. هاوڕێیان كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە یوتوبوری لەگەڵ 9 لایەنە سیاسییەكەی دیكە بەشداری خۆپیشاندانەكە بوونو دواتر بەیاننامەیەكی هاوبەشی هەر 10 لایەنە سیاسییەكە خوێندرایەوە.
دەقی بەیاننامەكە:
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ( کۆمیتەی یوتوبۆری )
هاونیشتمانیانی بەڕێز
کۆمەڵانی بە شەرەفی کوردوستان
بەشداربووانی ئازیز
لە سەردەمێک دا کە ئۆمانیسم و پرسی بایەخ دان بە بەها و پەرەنسیپە ئینسانی یەکان لە دونیای مودێڕن، رۆژ لە دوای رۆژ پەرە دەستێنێ و وەک بەشێکی هەرە گرینگ لە جیهانبینی سیستەمە دیمۆکراتیکەکان خۆی دەردەخات ، لە ڕۆژهەڵاتی کوردوستان و لە ژێر دەسەڵاتی نگریسی کۆماری ئیسلامی ئێران ، نوێنەران و بەکرێگیراوانی ڕژیمی ویلایەتی فەقیە، هەمو پەرەنسیپە ئەخلاقی و ئینسانی یەکان لە ژێر پێ دەنێن و دەسدرێژی دەکەنە سەر کەرامەتی ئینسانی کورد. ئەگەر جاران ، مرۆڤ کۆژانی دەزگای سیخۆڕی ئیتلاعات ، لە ئەشکەنجەگاکان و بە دور لە چاوی دنیای دەرەوەی ڕەشچاڵەکان ، دەسدرێژییان دەکەردە سەر کەرامەتی ژنانی خەباتکار ، ئەوەتا ئێستا لە سێبەری دەوڵەتی ڕیفۆرمخوازی ئیعتدال و لە پێش چاوی هەمو دونیا دا ، لە پیلانێکی قیزەون ،
هەوڵی شکاندنی کەرامەتی ژنی کورد دەدەن. کارەساتی هۆتێل تارای مەهاباد ، سەلمێنەری دوو ڕاستی ئێگجار تاڵە . یەکەم ، ڕوانگەی دەسەڵاتی ئیسلامی ئێران بە نیسبەت ژن کە وەک ئامرازێک بۆ سات و سەودای بازەرگانی و دامرکاندنی هەستی گەندەڵی پیاوساڵار چاوی لێ دەکرێ. دووهەم ، دەسەڵاتی ڕەهای داگیرکەر لە سەر خاکی کوردوستان کە خۆی حاکم بە سەر چارەنوسی خەڵکی کورد دەزانێت و لە هیچ کردەوەیەکی نامرۆڤانە سڵ ناکات ، بەڵام مەرگی فەریناز خۆسرەوانی ، ڕابون و بەگژداچونەوەیەک بو لە دژی ئەم تێڕوانینەی سیستەمی ویلایەتی فەقیە .
مەرگی فەریناز ڕسکانێکی دوبارە بو لە چەشنی هەستانەوە و شۆڕشێکی جەماوەری کە ئەمجارە لە شاری پێشەوا و لە پێتەختی کۆماری کوردوستان هاتە ئاراوە
. ڕابونی خەڵکی مەهاباد و پشتیوانی کۆمەڵانی خەڵکی شارەکانی دیکەی کوردوستانی ڕۆژهەڵات ، گڕکانی ئەو هاوار و ئازارە پەنگ خواردووانەن کە بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی لە جەستەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردوستان درواە .
ئەوەی جێگای سەرەنج و بایەخە ، ئەوەیە کە ئێستا هاوخەمی و هاوهەڵوێستی یەکی کەم وێنە بە نیسبەت چارەنوسی نەتەوەی کورد لە نێوان هەمو کوردانی چوار پارچەی کوردوستان دروست بووە کە دەتوانێ دەسپێک و بناغەی هاریکاری و هاوهەنگاوی یەکی مێژویی بێت لە پێناو دەستەبەر بونی یەکڕیزی و یەکگرتویی نەتەوەیی.
هەڵوێستی جوانمێرانەی ڕۆڵەکانی کورد لە باشور ، باکور و ڕۆژئاوای وڵات ،ئەو پەیامەی بە دەسەڵاتی تاران گەیاند کە ڕۆژهەڵات تەنیا نیە و کوردوستان پشتیوانیەتی. ئێمە هێزە سیاسی یەکانی کورد و کوردوستانی کە ئەم ئاکسیۆنەمان ڕێک خستووە، وێڕای شەرمەزار کردنی جینایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و قەتڵی فەریناز خۆسرەوی و هێرشی دڕندانە بۆ سەر خۆپیشاندەرانی ڕۆژهەڵات و دەسبەسەر کردنی لاوانی کورد، لە هەمبەر ئیرادەی بەهێزی خەڵکی چاونەترس و شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵات و هەروەها هەستی هاوخەمی و پشتیوانی کوردانی پارچەکانی دیکەی کوردوستان سەری ڕیز و ئەماگناسی دادەنەوێنین.
هەروەها لە سەرجەم کەسایەتی سیاسی ، مەدەنی و پارلەمانتارانی کورد لە وڵاتی سوید ، داواکارین کە لە هەمبەر ئەم چەشنە کردەوانەی کۆماری ئیسلامی ، بێ دەنگ نەبن و هەوڵ بدەن لە ڕێگای یاسایی و دەستوری ، جینایەتی سیستەمی ویلایەتی فەقیە شەرمەزار بکەن و لە ئاستی نێودەوڵەتی دا گوشار بخەنە سەر ئەم ڕژیمە مرۆڤ کوژە.
لە کۆتایی دا پشتیوانی خۆمان بۆ بەرخوەدانی خەڵکی ڕۆژهەڵات دەردەبڕین و سەبوری بۆ بنەماڵەی قوربانیانی جیناتەی کۆماری ئیسلامی ، هیوای چاک بۆ برینداران و ئازادی بۆ دەسبە سەر کراوانی ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵات بە ئاوات دەخوازین و جارێکی دیکە وێڕای شەرمەزار کردن و مەحکوم کردنی کارەساتی هوتێل تارای مەهاباد و سەرکوتی بێ بەزەییانەی خۆپیشاندەرانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردوستان ، دوپاتی دەکەینەوە کە ڕۆژهەڵات تەنیا نیە کوردوستان پشتیوانیە لە گەڵ ڕیز و سوپاس بۆ بەشداری ئێوەی خەباتکار و کورد پەروەر .
بزوتنەوەی گۆڕان
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردوستانی ئێران
حیزبی دیمۆکراتی کوردوستانی ئێران
پارتی دیمۆکراتی کوردوستان
یەکیەتی نیشتمانی کوردوستان
ڕێکخراوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران( کۆمەڵە)
. کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردوستان
حیزبی دیمۆکراتی کوردوستان
پارتی کرێکارانی کوردوستان
حیزبی شیوعی کوردوستان