هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە، سکرتێری گشتیی کۆمەڵە لەلێدوانێک بۆ ماڵپەڕی سەرقولئەوسەت سەبارەت بە پێکهاتنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران دەڵێت “پوختە و جەوهەری یەکگرتنەکەمان بە مەبەستی ڕوخانی ڕژێمی ئێرانە کە دیالۆگ و گفتوگۆ بێ ئەنجامە لەگەڵیدا “.
لە راپۆرتێکی شەرقولئەوسەت سەبارەت بە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران هاتوە: لەکۆتاییدا و دوای یەک ساڵی تەواو لە کۆبونەوە و ڕاگۆڕینەوە چوار لایەنی سەرەکی لە هێزە کوردیەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران کە بنکەی سەرەکیان لە هەرێمی کوردستانی عێراقە گەیشتنە ڕێککەوتن و (ناوەندی هاوکاری و ڕێکخستنی هاوبەش) لەنێوان لایەنە ئۆپۆزسیۆنە سەرەکیە کوردیەکان دروستکرا، کە ئەوانیش هەردوو لایەنی حزبی دیموکرات بە سەرکردایەتی موستەفا هیجری و موستەفا مەولودی وە هەردوو لایەنی کۆمەڵە بە سەرکردایەتی عومەری ئیلیخانزادە و عەبدوڵای موهتەدی.
لەلێدوانێکدا بۆ ئەو ماڵپەڕە هاوڕێ عومەر ئیلیخانزادە، سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێت “سەرجەم ئەو هێزانەی بەر لەساڵێک لەم ناوەندەدا کۆبووینەوە بڕیارمانداوە بە وەلاخستنی ناکۆکیە فکری و سیاسیەکانمان و یەکخستنی هەڵوێستەکانمان دژی ڕژێمی ئێران”.
هەرەوەها دەڵێت “ڕێککەوتوین لەسەر کۆمەڵێک خاڵ کە دیارترینیان پەیوەندی حزبەکانمانە لەگەڵ سەرجەم لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەی ئێران، سەرجەم هێزە سیاسیە کوردیەکانی دیکە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و ئامادەکاری بو هەوڵە دیپلۆماسیەکانمان لەگەڵ ناوەندە سیاسی و ناوەندی بڕیارەکان لە جیهانداو، هاوکاری سەربازی نێوانمان و بوونی یەک ئەجێندای هاوبەش کە گوزارشت لەم یەکبوونە بکات، پێش ڕوخانی ڕژێمی ئێستای ئێران و لە دوای ڕوخانیشی”.
وتیی “زۆر شت هەیە کە لەسەری ڕێککەوتووین و لەبەر هەستیاری باسی ناکەین، بەڵام پوختە و جەوهەری یەکگرتنەکەمان بە مەبەستی ڕوخانی ڕژێمی ئێرانە کە دیالۆگ و گفتوگۆ بێ ئەنجامە لەگەڵیدا”.
سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی هاوڕێ عومەر دەڵێت “لێکتێگەیشتنمان هەیە لەگەڵ شەش لایەنی دیکەی ئۆپۆسیۆنی ئێرانی کە نمایندەی گەلانی ئێران دەکەن لە عەرەب و بەلوچ و تورکمان و ئازەری و فارس کە چوارچێوەیەکی هاوبەشمان بۆ کارکردن و یەک بەرەیی هەبێت لەسەر بنەمای بەرگریکردن لە مافی گەلی ئێران و جێگیرکردنی سیستمێک کە پارێزگاری لە وڵات بکات وگرنتی مافی هەموان بکات، زۆربەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانیش دان بە مافی گەلی کوردا دەنێن دوای ڕوخانی ڕژێمیش وە گفتوگۆ لەگەڵ ئەوانی دیکەش بە هەمان ئاڕاستە بەردەوامە”.
هاوڕێ عومەر سەبارەت بە سزا ئابورییەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران ئاماژە بەوەدەکات کەئەم سزایانە لە ڕادەبەدەر ئابووریی ئێران دەڕوخێنێت بەتایبەت لە ناوچە کوردیەکان و، کیانی ئەو سیستمە لە ناوەرۆکەوە هەرەس پێدەهێنێت و دەبێتە هۆی زۆربوونی فەسادی ئیداری و ماڵی کە توشی دامودەزگا فەرمیەکان دەبێت، بەڵام ئەمە بەس نیە بۆ هەرەس پێهێنانی تەواوەتی ڕژیم، پێویستە لایەن و دەوڵەتە دژبەرەکانی ڕژیم هاوکاری ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنە ئێرانیانە بکەن کە بە چالاکی لەناو کۆمەڵگا و خەڵکدا کاردەکەن دژی ڕژێم تا ئەو هێزەی گەل بگۆڕن بۆ ڕاپەڕینی جەماوەریی.