کاتژمێر ٩:٣٠ی ئەمشەو دووشەممە لەسەر سێ شەممە ٢٧ی رێبەندان،هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کرایە ئامانجی ژمارەیەک مووشەک.بە پێی ئەو زانیارییانەی کە بڵاو دەبنەوە ژمارەی موشەکەکان کە بە ٨ مووشەک خەمڵێندراون بە شێوەی کوێرانە بە ئاراستەی ناو شاری هەولێر تەقێندراون کە لە نزیک فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر وگەرەکی وەزیران وبازاری فرۆشتنی ئاژەڵ و چەند شوێنێکی تر کەوتوونەتە خوارەوە و هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە جگە لە زەرەر وزیانی ماڵی سێ کەس بریندار بوون و کەسێک بە برینداری بێ سەروشوێنە.
هەرچەند هەتا ئێستا شوێنی هاویشتنی مووشەکەکان وئەو لایەنەی کە لە پشت ئەو کردەوەیەیە نادیارە،بەڵام دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەم کارە بە کردەوەیەکی تێرۆریستی پێناسە دەکەن و، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندنێکدا باس لە هەوڵەکانیان بۆ دەست نیشانکردنی بکەرەکانی ئەم موشەکبارانە دەکات. هەرەوەها وتەبێژێک بە ناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەموو کۆنسولخانەی وڵاتان و خەڵک دڵنیا دەکاتەوە کە بە هەوڵ و هیمەتی لایەنە ئەمنییەکانی کوردستان هەمووان پارێزراون.