رۆژی پێنجشەممە 5ی گوڵانی 1398ی هەتاوی (25ی ئەپریلی 2019) كۆبوونەوەی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران لە ناوەندی سەركردایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەڕێوەچوو و چەندین كارو پرۆژەی كاریی تێیدا تاوتوێكرا.
كۆبوونەوەكە تەرخانكرابوو بۆ قسەو باسو بڕیاردان لەسەر چەندین بەڵگەنامەی كاری ناوەند، بۆ پەیوەندی لەگەڵ حیزبە كوردستانییەكانو پەیوەندیی نێونەتەوەیی كە تێیدا لایەنەكان تێبینیو بۆچوونی خۆیان لەسەر بەڵگەنامەكان دەربڕی.
لەسەروبەندی رۆژی یەكی ئایار، رۆژی جیهانیی كرێكار، بەشداربوانی كۆبوونەوەكە پێشنیاری راگەیەنراوێكی بەم بۆنەوە خستەبەرباس كە لەلایەن ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێرانەوە بە بۆنەی رۆژی كرێكار بدرێت. هەروەها لەكۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا ئامادەكاریی تەواو بۆ بەڕێوەچوونی چەندین رێوڕەسمی تایبەت لەناوخۆو دەرەوەی كوردستان بە بۆنەی رۆژی 28ی گەلاوێژ، ساڵیادی هێرشی دڕندانەی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر كوردستان بكرێت.
لەكۆبوونەوەكەدا بڕیاری دەوڵەتی ئەمریكا بۆ بە تیرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی قسەوباسی لەسەركراو بە ئاماژە بە راگەیاندنی پێشووی ناوەند لەمبارەوە، پێشهاتەكانی ئەو بریاڕەی ئەمریكا لەلایەن بەشداربووانەوە تاوتوێكرا.
كۆبوونەوەكە پاش نزیكەی 5 كاتژمێر كاری چڕوپڕ كۆتایی پێهات.