ئەمرۆ دووشەممەو لەسەر داوای هەڵسوڕاوانی مەدەنی كورد زۆربەی شارەكانی كوردستان بۆ پشتیوانی لەمانگرتنی زیندانیانی سیاسی بەندكراو لە زیندانی ورمێ دوكانو بازاڕەكانیان داخست.
بەپێی ئەو هەواڵانەی بە سایتی كۆمەڵە گەیشتووە ئەمرۆ 1ی بەفرانبار لەزۆربەی شارەكانی كوردستان لەوانە: مەهاباد، سەقز، شنۆ، پیرانشار، رەوانسەر.. خەڵك بەدەم بانگەوازی هەڵسوڕاوانی مەدەنیو سیاسییەوە چوونو زۆربەی شوێنەكان دوكانو بازاڕەكانیان داخست.
هاوكات هێزە ئەمنییەكانی رژیم لە چەندین شار هەڕەشەیان لە بازاڕییەكان كردوە كە دوكانەكانیان بكەنەوەو بە پێچەوانەوە هەڕەشەی سزادانیان لێكردوون.
زیاتر لە مانگێكەو لە رۆژی 29ی خەزەڵوەرەوە ژمارەیەك زیندانی سیاسی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بە هەڵسوكەوتی بەرپرسانی زیندان مانیان لەخواردن گرتووەو سەرەڕای ئەوەی بارودۆخی تەندروستی ژمارەیەك لەو بەندكراوە سیاسییانە رووی لەخراپیە، بەڵام مانگرتنەكەیان بەردەوامە.