رۆژی پێنجشەممە 23ی پوشپەڕی 1401ی هەتاوی، پاش 9 مانگ دادگایی و لێكۆڵینەوە، دادوەری دادگای ستۆكهۆڵَم، حەمیدی نوری یەكێك لەتیرۆریستانی كۆماری ئیسلامی بە تۆمەتی تاوانی شەڕ و كوشتنی بەئەنقەست لە رەوتی ئێعدامەكانی هاوینی ساڵی 1367 بە زیندانی هەتاهەتایی مەحكوم كرد.
یەكەمین دانیشتنی دادگای حەمید نوری ناسراو بە “حەمید عەباسی”، یاریدەدەری پێشووی قازی زیندانی گەوهەردەشت رۆژی 10ی ئاگۆستی 2021 دەستیپێكرد و رۆژی 4ی مانگی مەی 2022 كۆتایی پێهات. دادگا لە 93 دانیشتندا گوێ لە وتەی سكاڵاكاران و كەسی تۆمەتبار گرت.
ئەمە بۆ یەكەمجارە كە پاش زیاتر لە سێ دەیە لە كوشتاری بەكۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لەهاوینی ساڵی 1367 لە زیندانەكانی ئێران یەكێك لە تۆمەتبارانی ئەم دۆسیە دادگایی و مەحكوم دەكرێت.
ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران پیرۆزبایی ئەم سەركەوتنە لە هەموو كەسوكاری قوربانیانی هاوینی 67 دەكات و بڕوای وایە كە مەحكومبوونی حەمیدی نوری لە دەرەوەی ئێران، ریسوایی و مەحكوم بوونی كۆماری ئیسلامییە.
كۆماری ئیسلامی لە ماوەی تەمەنی نگریسی خۆی دژی ئازادیخوازانی ئێران بە گرتنەبەری سیاسەتی سەركوت و تێرۆر، گیانی هەزارانی مرۆڤی ئازادیخوازی ئەستاندوە. لەكوردستانیش كە هەر لە یەكەم رۆژەكانەوە كرایە ئامانجی دڕندانەترین شێوازی ئەم سیاسەتەی رژیم، بەهەزاران كەس بە تاوانی ئازادیخوازیی لە نادادگاكانی رژیم بە مەرگ مەحكوم كران. هەر بۆیە مەحكومبوونی حەمید نوری مایە دڵخۆشی خەڵكی ستملێكراوی كوردستان و ئێرانە.
دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی ئەو پەیامەیان وەرگرت كە تێرۆریزمی كۆماری ئیسلامی ناتوانێت لە دەستی دادپەروەریی دەرباز بێت و درەنگ یان زوو هەموو بكوژان و تۆمەتبارانی تاوانی دژە مرۆڤایەتی لە دادگاكاندا بە سزای تاوانەكانیان دەگەن.
ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران
٢٤ی پوشپەڕی ١٤٠١ – ١٥ی جولای ٢٠٢٢