رۆژی 22ی خەرمانان ژینا (مەهسا) ئەمینی تەمەن 22 ساڵ و خەڵكی شاری سەقز بە بیانوی بێ حیجابی لەلایەن هێزەكانی گەشتی ئیرشادی تاران درایە بەر ئەشكەنجە و لێدان كە بەهۆیەوە توشی سەكتەی مێشك بوو و پاش چەند رۆژ چارەسەری پزیشكی لەنەخۆشخانەی “كەسرا”ی تاران، رۆژی هەینی بەداخەوە بەهۆی سەختی برینەكانیەوە گیانی لەدەستدا.
ئێمە وەك ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران ئەم كردەوە قیزەونەی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی بە توندی مەحكوم دەكەین و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و كەسوكاری ژینا و لەخۆمان و خەڵكی كوردستان دەكەین و داوا لەسەرجەم خەڵكی ئێران و كوردستان دەكەین بەرامبەر بەم تاوانە نامرۆڤانەیە بێدەنگ نەبن.
لەژێر دەسەڵاتی دژە مرۆیی كۆماری ئیسلامیدا زیاتر لە هەمووان ژنان و كچان لەبەردەم هەڕەشە و پەلاماردان و یاسا دواكەوتووەكانی رژیم بۆ دەستوەردانە لە بابەتە تایبەتییەكان ژیانی خەڵك تەنانەت بۆ جلوبەرگ پۆشین، تاوانی هێزە سەركوتگەرەكانی دژ بە ژنان بە یاسایی كردوە.
ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی كوردستان لەم تاوانەی كۆماری ئیسلامی خۆش نابن و لەبەرامبەر مەرگی شلێر و ژینا و سوكایەتی كردن بە باقی كچان و ژنانی كوردستان هەڵوێست و كاردانەوەی جیدییان دەبێت.
لێرەوە داوا لە سەرجەم حیزبە سیاسییەكان و رێكخراوە مەدەنییەكانی ئێران و كوردستان دەكەین بەهاودەنگی و یەكگرتووانە لەبەرامبەر ئەم تاوانەی كۆماری ئیسلامی هەڵوێست وەربگرن.
ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران
25ی خەرمانانی 1401 – 16ی سێپتامبری 2022