دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا ستراتیژیەتی بەڕێوبەرایەتییەکەی بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاگەیاند.
سەبارەت ڕێککەوتنی ناوکی ئێران ترامپ گازەندەیەکی زۆری هەیە بەرامبەر ڕێککەوتنەکە و هەروەهاش سزای نوێی سەپاندە سەر سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران.
سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی هەینی لە کۆشکی سپی وتارێکی لە بارەی ئێرانەوە پـێشکەشکرد و گوتی ئەمەریکا ناتوانێت چیتر بەردەوامبێت لەوەی بڵێت ئێران بە ڕێکەوتنەکەوە پابەندبووە، وە ئەمەریکا لە ئاڕاستەیەکدا بەردەوام نابێت کە ئەنجامەکەی زانراوە دەڕوات بەرەو توندوتیژی و تێرۆرزمی زیاتر و دروستبوونی هەڕەشەی ڕاستەقینە، ئەویش بەدەسـتهێنانی ئێرانە بۆ چەکی ناوکی.
ترامپ دەڵێت جێبەجێکردنی ستراتیژیەتە نوێـیەکەی بە کارێک دەستپێدەکات کە دەبوایە لە مێژەوە بکرایە، ئەویش سەپاندنی سزای قورسە بەسەر سوپای پاسدارانی ئێران کە هێزی گەندڵی ڕێبەری باڵای ئێرانە و بەشێکی گەورەی ئابوری وڵاتەکەی بردووە بۆ ئەوەی کۆمەکی تێرۆر لە دەرەوە بکات، لەوانە پـڕچەککردنی دیکتاتۆری سوریا و دابینکردنی موشەک و چەک بۆ تێرۆرستان و هەروەها کارێکی تێرۆرستی لێرەش لە ڕێستورانتێکدا ئەنجامداوە.
سەرۆکی ئەمریکا لە ستراتیژیەتی نوێی بەڕیوبەرایەتیەکەیدا داوا لە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا دەکات سزا بەسەر سوپای پاسداراندا بسەپێنێت و بە تایبەتی کاربەدەستانی سوپاکە و ئەو دامودەزگایانەی پـێوەی بەستراونەتەوە. داواشی لە هاوپەیمانانی ئەمەریکا کرد بێنە پاڵ وڵاتەکەیەوە تاوەکو پـێکەوە بڕیاری سزای توند لە دژی ئێران بدەن بە ئامانجی دانانی سنوورێک بۆ ڕەفتارە ناسەقامگیریـیەکانی. گوتیشی با ئەو سزایانە لە دەرەوەی سزاکانی سەر بەرنامە ناوکیـیەکە بن.
سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێت هەر لە ئێستاوە کاریگەری ئەم ستراتیژیەتە نوێیە لەناو ئێراندا دەرکەوتووە بەتایبەتی کاتێک دەڵێت پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنە ناوکییەکەدا دەکاتو بۆتە مایەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و شڵەژاندنی بازاڕەکانی ئێران و دەشڵێت ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی ئێران دەبنەوە وەکو یەک بەرۆکی ڕیفۆرمخواز و کۆنەپارێزان دەبنەوە لە ئێراندا چونکە سەرۆک ترامپ لێکی جیا نەکردنەوە بەگشتی ڕەخنەی لە سیستەمی ئێران گرت.
عومەری ئێلخانیزادە ئاماژەش بەوە دەکات بەڕێوبەرایەتی ئەمریکا سیاسەتێکی وەهای گرتۆتەبەر کە دەشێت لە بەشێکیدا ئەوروپاییەکانیش پشتیوانی لێبکات و ئەمەش فشار دەخاتە سەر ئێران و دەشڵێت زانراوە ئەو فشارانە تەنها دۆسێی ئەتۆمی ئێران ناگرێتەوە بەڵکو کاریگەری لەسەر دەستێوەردانەکانی سوپای پاسدارانی ئێران دەبێت لە ناوچەکەدا بە گشتی بەتایبەتیش لەسەر حیزبوڵای لوبنان و حەشدی شەعبی لە عێراق و حەماسی فەلەستینیەکان، واتە هەموو ئەو لایەنانەی تاران پشتیوانی داراییان بۆ دابین دەکات.
لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەڵێن ساڵح، بەڕێز ئێلخانیزادە باسیش لەوە دەکات وڵاتانی ڕکابەری ئێران لە ناوچەکەدا ئێستا دەرفەتێکی باشیان بۆ ڕەخساوە تا لە بەرامبەر ئێراندا ڕابوەستن و هاوپەیمنانێتی خۆشیان لەگەڵ ئەمریکادا توندوتۆڵ بکەن.
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە: