هەر لە سەرەتای ئازادبوونی بەشێک لە خاکی کورد لە سوریە هێزە کۆنەپەرەستەکان بە هەموو شێوەیەک دژ بە کورد کەوتنە خۆ. وڵاتانی دراوسێو بە تایبەتی تورکیە بە هەموو توانای خۆیان پشتگیری جبهەی نەسری سەر بە ئەلقاعیدەیان کرد تا سەری کانی بگرنو چەندین جار شکەستیان هێنا.
ئێستاش چەند رۆژێکە جبهەی نەسر هێرشی خۆی بۆ سەر گوندو شارۆچکەکانو خەڵکی سیویلی کوردستان دەستپێکردوەتەوە، هەروەتر هێزی ئەرتەشی ئازادی سوریەش بەرەو قامیشلوو کە شاری گەورەی کوردستانی سوریەیە جوولاون.
تا ئێستا هێزی پێشمەرگەو موقاومەتی جەماوەر شکەستی بەم پیلانگێریانە هێناوە. ئێمە وێڕای مەحکومکردنی ئەم هێرشو تەجاوزەی ئیسلامیەکانی سەر بە قاعیدە، دەستێوەردانی وڵاتانی دراوسێ لە کوردستانی سوریە مەحکوم دەکەین.
لە هەمان کاتدا داوا لە هێزە سیاسیەکانی کورد دەکەین لەم هەلومەرجەدا هەموو حەولی خۆیان بۆ یەکگرتوویی بخەنە گەڕو کێشەی لاوەکی وەلا بنێن. بە تایبەتی روو لە پارتی یەکگرتووی دێمۆکراتی کورد داوا دەکەین، بە بەرپرسایەتی لە بەرانبەر ئەم هەلومەرجەدا بۆ هاوکاریو هاوئاهەنگی چڕوپڕ لەگەڵ هێزە سیاسیەکانی دیکە هەنگاوی جیددی هەڵبگرێ. ئەوڕۆ کوردی سوریە بەرەو رووی ئەزموونێکی مێژوویی بۆەتەوەو تەنیا بە یەکگرتووییو هاوپشتی دەتوانێ سەرکەوتوانە ئەم دەورەیە تێپەر بکات.
هەروەها خەڵکی هەموو بەشەکانی کوردستانو هێزە سیاسیەکان پێویستە پاڵپشتو یارمەتیدەری خەباتی رزگاریخوازی کورد، دژ بە هێزە تاریکی خوازو ئینسان کوژەکانی ئەلقاعیدە بن. کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هاوسۆزیو پشتیوانی خۆی بۆ خەباتکارانی کورد لە سوریە دەردەبڕێو ئامادەی هەموو کارێکە.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
3/8/2013