رۆژی یەكشەممە 11ی پوشپەڕ وەفدێكی هاوبەشی رێكخراوی لاوانی كۆمەڵگەی دیموكراتیكو ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان (كۆدار)و، رێكخراوی لاوانی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) سەردانی ناوەندی رێكخراوی لاوانی پێشڕەویان كرد.
وەفدی میوان كە لە بەرێزان، كاوان ئاوەڵان نوێنەری گەنجانی كۆدار، ڤیان هەڵۆ نوێنەری گەنجانی پژاكو هێمن فیروزی بەرپرسی پەیوەندییەكانی پژاكو كۆدار پێكهاتبوون لەلایەن هاوڕێیان دڵنیا محەمەدی بەرپرسی رێكخراو و فەرشید نوری ئەندامی رێكخراوی لاوانی پێشڕەو پێشوازییان لێكرا.
لە دیدارەكەدا قسەوباسێك لە كاری هاوبەشو رێكخراوەكانی لاوان هەر چوارپارچەی كوردستان كراو هەر دوو لا جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە بۆ فەراهەمكردنی بەستێنی پێویست بۆ كاری هاوبەشی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ.
لەكۆتایشیدا هەردوولا سوور بون لەسەر ئەوەی كە پەیوەندییەكانیان زیاتر پەرەپێبدەنو كۆبوونەوەكانیان بەردەوام بێت.