ئەمرۆ دووشەممە 5ی خەرمانان وەفدێكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەشدارییان لە رێوڕەسمی پرسەو ماتەمینی ئەو دوو برایە كرد كە لەرووداوەكەی “گوندەلێژ” گیانیان لەدەستدا. هەروەها لە گەڵ بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی لەناوچەكە دیداریان كرد.
وەفدی كۆمەڵە سەرەڕای دەربڕینی هاوخەمیو دڵگرانی خۆی لەسەر ئەو رووداوەو هیوا زووچاكبوونەوە بۆ بریندارەكان، جارێكی دیكە لەسەر دۆستایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان لەگەڵ خەڵكی ناوچەكەو بەتایبەت ناوچەی باڵەكایەتی جەختی كردەوە.
هەرلەو دیدارەدا خزمو كەسی قوربانییەكان بە گەرمی بەخێرهاتنی وەفدی كۆمەڵەیان كردو، سەرەڕای رەخنەی توند لەوجۆرە هەڵسوكەوتە لەگەڵ خەڵكی ناوچەكە كە لە رۆژی 25ی ئاگۆست رویدا، لەسەر دۆستایەتیو پاڵپشتیی خۆیانو خزمانی باڵەكایەتی لەكۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانو بزوتنەوەی رۆژهەڵاتی كوردستان پێداگرییان كردەوە.
وەفدی كۆمەڵە هەر لەو رێوڕەسمەدا لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەوانە لێپرسراوی كۆمیتەی یەكێتی لەدەڤەری باڵەكایەتیو بەرپرسانی ئاسایشی سمێڵان دیدارو گفتوگۆیان كرد.