پاشنیوەرۆی رۆژی پێنجشەممە 7ی ژوەن، وەفدێكی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران سەردانی ناوەندی سەركردایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانیان كرد.
وەفدی میوان بریتی بوون لە بەڕێزان: ساڵح شەریفیو ئیدریس كوڵاهدوزی، ئەندامانی كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران كە لەلایەن هاوڕێیان: سادق زەندی ئەندامی دەستەی كارگێڕیی كۆمەڵەو محەمەد حەكیمی كادیری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان پێشوازییان لێكرا.
لەو سەردانەدا سەرەتا وەفدی میوان باسی ئەنجامەكانی نوێترین کۆنگرەیان کرد و لەو پێوەندییەدا باسی لە پەسەندکردنی پلاتفۆڕمی بەرەو یەکیەتیی بەکردەوەی زیاتری هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران کرد و تیشکیان خستە سەر ئەوەی کە گۆڕانکارییە خێرا و بە پەلەکان لە ئاستی ناوچە و پێویستیی بنەڕەتیی دۆخی سیاسیی لە ئێران و کوردستان دەخوازێ کە هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە ژێر چەترێکی هاوبەشدا پەرە بە هاوکارییەکانیان بدەن و خۆیان بۆ گۆڕانکارییەکان ئامادە بکەن.
وەفدی كۆمەڵە وێڕای پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆنگرەی ١٥ی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە وەفدی میوان، بەتیشك خستنەسەر بارودۆخی ناوچەكەو ئەو دەرفەتو مەترسیانەی لەبەردەم كورددا هەن، جەختی سەر هاوكاریو هاوپەیمانی زیاتری حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كردەوەو ئامادەیی خۆی بۆ پێكهێنانی هەرچەشنە هاوپەیمانییو گفتوگۆو دیالۆكی نێوان حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەربڕی.