وەفدێكی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) سەبارەت بە پرسی بارگرژیی ئەم دواییەی نێوان ئەو حیزبەو حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، سەردانی ناوەندی سەركردایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانیان كرد.
پاش نیوەرۆی رۆژی چوارشەممە 13ی جۆزەردانی 1394ی هەتاوی وەفدێكی كەجەكە بە سەرپەرشتی بەرێز جەمال ئەرداڵ بەرپرسی پەیوەندییەكانی كەجەكە لە باشوری كوردستان سەردانی ناوەندی سەركردایەتی كۆمەڵەیان كردو لەلایەن وەفدێكی كۆمەڵە بە سەرپەرشتی هاوڕێ رەزا كەعبی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی پێشوازییان لێكرا.
لەكۆبوونەوەكەدا وەفدی میوان بە باسكردنی وردەكاریی سەرهەڵدانی بارگرژیی ئەم دواییەی نێوان ئەوان لەگەڵ حیزبی دیموكراتی كوردستان ئێران، ئاماژەیان بەوەدا كە لە ئێستادا دۆخەكە هێوربووەتەوەو بۆچوونی خۆیان لەمبارەوە دەربڕی.
وەفدی كۆمەڵە بەجەختكردنەوەی دووبارە لەسەر هێوركردنەوەو ئاسایی كردنەوەی دۆخەكەو پەیوەندی نێوان هەر دوو لایەنی حدكاو پەكەكە، دەست بردن بۆ چەك لە چارەسەر كێشەی نێوان حیزبەكانی كوردستانی بەتوندی مەحكوم كردو دیالۆگو گفتوگۆی بە تاكە چارەسەری كێشەو گرفتەكان لەنێوان هەموو حیزبە كوردییەكان ناولێبرد.
كۆبوونەوەكە پاش كاتژمێرێك كۆتایی پێهاتو وەفدی میوان بەڕێزەوە بەڕێكران.