پێشنیوەڕۆی سێ شەممە ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، هەیئەتێکی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە ( ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئێران)، بە بەشداری هاوڕێیان جەماڵ بوزورگپور، سروە ناسری، ئیسماعیل قارەمانی و ژیان زولفەقاری ئەندامانی كۆمیتهی ناوهندی، سەردانی ناوەندی سەرکردایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانییان کرد و لە لایەن شاندێکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بە بەشداری ھاوڕێیان ڕەزا کەعبی لێپرسراوی دەستەی کارگێری، نەوید مێهرئاوەر و فەریبا محەممەدی ئەندامانی دەستەی کارگێری و هاوڕێیان خەلیل دەشتی و عەتا ناسر سەقزی ئەندامانی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە پێشوازیان لێکرا.
سەرەتای کۆبوونەوەکە بە قسەو باسێک سەبارەت بە دۆخی ھەنووکەی جیھان و ئێران دەستی پێکرد و لە درێژەدا دۆخی کوردستان هاتە بەر باس و دوو لایەن وێرای ئەوەی ستایشی بزووتنەوە سرتاسەرییەکان لە ئێران و کوردستانیان کرد کە بۆتە ھۆکارێک بۆ لە ژێر گوشارخستنی دەسەلاتی کۆماری ئیسلامی ، ئاماژەیان بەوەکرد کە بزووتنەوە گشتگیرەکان لە بوارگەلی جوارجۆر و بە پانتاییەکی زۆر و بەشداری چین و توێژەکان و یەکدەنگی و ھاوبەشی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە خاڵێکی دڵخۆشکەر بۆ داھاتوو بە ئەژمار دێت ، لە درێژەدا ھە دوو لایەن جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەبێت زیاتر بەیەک نیزیک بنەوە و ئەوە دەبێتە ھەوێنی پتەوکردن و بەھێزکردنی ئەو لایەنانە و ھەنگاوی گەورەتر و کاریگەرتر بۆ داھاتوو مسۆگەر دەکات، جێگەی ئاماژەیە ئەو دیدارە پاش چەن کاتژمێر دیالۆگی چر و پڕ کۆتایی پێھات.