كۆنفرانسی ‘ئاشتی نەتەوەیی بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان’ له رۆژانی 17 و 18ی ئەم مانگه، له شاری ستۆكهۆڵمی سۆئێد بە دەسپێشخەری هەڵسوڕاوانی سیاسی و ماڤی مرۆڤ بە سەرپەرشتی بەڕێز هێمن سەیدی بەڕێوە چوو.
كۆنفرانسەكە ٢ ڕۆژی خایاند و نزیكەی ١٠٠ كەس لە هەڵسوڕاوانی سیاسی سەربەخۆ، نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسییەكان لە كوردستانی ڕۆژهەڵات بەشداری كۆنفرانسەكە بوون.
باسەكان بە گشتی دابەش كرابوو بەسەر چوار تەوەرەی سەرەكی بۆ پێویستی لێك تێگەیشتن، ئاشت بونەوە، یان، ئاسایی بونەوەی پێوەندی نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەكان، كە بریتی بوون لە:
یەك: حیزبەكان و كۆمەلگا،
دوو: حیزبەكان پێكەوە
سێ: چین و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگا، بە روناكبیران و خەڵكی ئاساییو، پێكەوە،
چوار: بە گشتی، حیزبەكان، روناكبیران و خەڵكی ئاسایی كۆمەڵگا پێكەوە
هەیئەتی نوێنەرایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان كە بریتی بوون لە هاوڕێیان ئەسعەد دروودی، جەمیلە ڕەحیمی، سەعدی محەمەدپور و ئەفشین ڕەشیدی بەشدارییان لە كۆنفرانسەكە كرد.
هاوڕێ ئەسعەد دروودی بە نوێنەرایەتی هەیئەتەكەی كۆمەڵە وێڕای خوێندنەوەی وتاری كومیتەی ناوەندی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان قسەوباسێكی كورتی پێشكەش بە ئامادەبووان كرد. هاوڕێ ئەسعەد لە قسەوباسەكەیدا خوازیاری كەڵك وەرگرتن لە ئەزموونەكانی ڕابردوو بوو و تەئكیدی لەسەر هاوكاری چڕوپڕی نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەكان لە كوردستانی ڕۆژهەڵات كرد.
لە خوارەوە وتاری كومیتەی ناوەندی كۆمەڵە هاتووە:
بۆ: كۆنفەرانسی ئاشتی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان
بەرێزان ڕێكخەران و بەشداربوانی بەرێزی كۆنفەرانس، لەگەڵ سڵاوێكی گەرم پیرۆزبایی بەستنی ئەم كۆنفەرانسەتان لێدەكەین و هیوادارین كۆبونەوەكەتان سەركەوتوو بێ و ببێتە بنەمای هەنگاوی گەورەتر بۆ یەكریزی گەلی كوردمان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان.
ئێمە پشتیوانی خۆمان بۆ دەستپێشخەریەكەتان بۆ دیالۆگ و بەستنی كۆنفرانس رادەگەیەنین و، هیوادارین دیالۆگ و دانیشتنی لەم چەشنە بەردەوام و بەرفراوانتر بێ.
بزاوتی رزگاریخوازی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و چالاكوانان و هێزە سیاسیەكان لەم هەلومەرجەدا پتر لە هەر كاتێكی دیكە پێویستیان بە دیالۆگ هەیە بۆ پێكهێنانی یەكریزی و هاوكاری و لێكتێگەیشتنی زۆرتر. ئەم چركەساتانەی رۆژهەڵاتی ناوین بە گشتیی و گەلی كورد پێیدا تێپەڕ دەبن، بۆ هەموو لایەكمان چارەنوسساز و گرینگن، بە تایبەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە تینوی یەكریزیەكی ناوخۆییە. هەمومان دەزانین سەرەرای حوكمرانیی مۆتەكەیەكی بەهێز بە بیركردنەوەی سەدەكانی ناوەراست، گەلی كوردمان لەم بەشەی كوردستان بوێرانە و بە لەخۆبردویی پشتیوانی و دلسۆزی خۆی بە ئاشكرا بۆ هەر پێشكەوتن و گرفتێك لە بەشەكانی دیكەی كوردستان دەڕبریوە و لە شەقام و شار هاتونەتە دەنگ و تا هاوتوە ئەم خۆدەرخستنانە پانتایەكی زۆرتری بە خۆوە دیوە. دەبێ بڵێین هێزە سیاسیەكان و چالاكوانانی ڕۆژهەڵات لە دەورەیەدا نەمانتوانیوە لە ئاست جوڵەی جەماوەر وڵامی شیاو و پڕاوپڕ بدەینەوە و بە ئەركی سەرشانمانی دەبینین بە هەموو توانمان ئەم بۆشاییە پڕ كەینەوە، بۆیە دەستی هاوكاری و نزیكی بۆ هەموو لایەك درێژ دەكەین و ئامادەیی خۆمان بۆ هەنگاونان و سەرگرتنی ئەم ئەركە بە هیمەتی هەموومانن دەردەبڕین.
لە هەمان كاتدا پێداگری لەسەر ئەم راستیە دەكەین كە بزوتنەوەی كوردستان بە گشتیی، لە هەموو دەورەیەك زۆرتر نیازی بە بەهێزكردنی ئاوات و ئارەزوی دادوەری و عەداڵەتی كۆمەڵایەتی هەیە. بۆیە بە پێویستی دەزانین ئەم كۆنفەرانسە و دانیشتنەكانی دواتریش، ئاوڕێكی جیددی لەم بوارە بداتەوە. پێویستە ناوەرۆكی بزوتنەوەكە و دەوڵەمەندكردنی بە شارستانیەت و دێمۆكراسی زۆرتر بە هەند وەربگیرێ و دیالۆگی لەسەر بكەین. لە روانگەی ئێمەوە پەرەسەندن و بەرفراوانتر بوونەوەی بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان زۆر بەم تەوەریەوە گرێدراوە.
لەگەڵ هیوای سەركەوتن بۆتان
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
١٧. ١. ٢٠١٥ زایینی و ٢٧ بەفرانباری ١٣٩٣ هەتاوی