خەڵكی خۆڕاگری ئێران
ژنان، لاوانی خەباتكار و داهێنەر
رۆژانی 14، 15 و 16ی سەرماوەز وەك سێ رۆژی مێژوویی و چارەنوسساز لە شۆڕشی نوێی ئێراندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە و لەبیرناچێتەوە. سێ رۆژ مانگرتن و هاوپشتی گشتی، سێ رۆژ خەباتی هاوئاهەنگ و سەرتاسەری لە هەموو ناوچەكانی ئێران، دەنگدانەوەی بەرینی ئیرادەی خەڵك بۆ راماڵینی ئەم رژیمە و لەرزاندنی بەهێزتری کۆڵەکەکانی دەسەڵات و، هەروەها دووپاتكردنەوەی ئەو خواست دیموكراتیك و دادپەروەرانە بوو كە شۆڕشی ئێستا و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لەسەری جێگیر و قایم بووە. كوردستان سەنگەری خۆڕاگری جەماوەریش سەرەڕای میلیتاریزمی سەرتاسەری بە هەموو هێزی خۆیەوە مەیدانی بەجێنەهێشتووە.
سێ مانگی رەبەق خەباتی مەدەنی و دادپەروەرانەی ئێوە لەلایەن دیكتاتۆری دژە خەڵكیی بە گوللە، ئەشكەنجە، زیندان و كوشتنی منداڵان و مێرمنداڵانی ئەم وڵاتە وەڵام دراوەتەوە تا بە خەیاڵی خاوی خۆیان بەڵكوو ترس بخەنە دڵی ئێوەوە. هەوڵیاندا لە نێوان خەڵكی ناوچە جیاجیاكانی ئێران دووبەرەکی بنێنەوە و درێژە بە دەسەڵاتیان بدەن، بەڵام ئێوە لاوانی گیان لەسەردەست و خەڵكی هۆشیار ئەم پیلانانەتان نەك تەنیا پوچەڵكردەوە، بەڵكو نیشانتان دا كە ئەم سەركوتانە بە چەكی بەهێز و لەشكان نەهاتووی یەكگرتوویی و هاوپشتی و یەكتر قبوڵكردن وەڵام دەدنەوە. جوڵە و یەکڕیزی ئێمە لەم سێ رۆژەدا هۆشدارییەك گشتیی و گەورە بوو بۆ دەسەڵاتدارانی زاڵم كە ئێران بەجێبهێڵن. ئێوە نیشانتاندا كە ئارام ناگرن و هەدا نادەن تاكوو ئێران بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی وەرنەگرنەوە. لەم سێ رۆژدا كرداری ئێوە شۆڕشی ئێرانی بۆ قۆناغێكی دیكە گواستەوە. شارستانیترین شێوازەكانی خەبات، جێگیركردنی مانگرتنە گشتییەكان، رێپێوانی بێدەنگ، دروشمەكانی نەمان بۆ دیكتاتۆری، بژی ئازادی، كوردستان سەنگەری خۆڕاگری، هەڵوەشاندنەوەی سێدارە و ئەشكەنجە، رزگاری ژنان لە ستەم، ئازادیی زیندانیان و پێكهێنانی ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە ژیانی تاك و كۆمەڵایەتیدا، ئەو خواست و دروشمانەن كە ویژدانی گشتیی خەڵك نەك تەنیا لەسەرتاسەری ئێران، بەڵكو لە هەموو جیهانی بە ئاگا هێناوەتەوە. ئەو خوێنانەی بە ناحەق رژاون و هەڵاواردنی نامرۆڤانە و ئەشكەنجەی دڕندانە لەلایەن سەركوتكەرانی رژیم، جەوهەری گەندەڵ و سروشتی خوێنمژانەی ئەوانی سەد ئەوەندە زیاتر ئاشكرا كرد.
ئەی ژنانی بەندكراو، خوێندكاران، لاوانی بیرجیاواز و داهێنەر، ئەی باوكان و دایكانی جەرگ سووتاو و ئەی خەڵكی وەزاڵەهاتوو و توێژە ستەملێكراوەكان، ئێوە سەركەوتووی ئەم خەباتەن و دوژمنەكەتان لە هەموو كات زیاتر ریسوایە. هەر بۆیە دڵنیاین كە قۆناغی نوێی شۆڕش و مانگی چوارەمی ئاخێز و ناڕەزایی سەرتاسەری، بە بەردەوامبوونی مانگرتنی سەرتاسەری لە بوارەكانی بەرهەمھێنان، پیشەسازی، كلتوری، خزمەتگوزاری و گواستنەوە دەستپێدەكات و بەرەو روخانی رژیم دەڕوات.
لەم بارودۆخە هەستیار و چارەنوسسازەدا جێگای خۆیەتی داوا لە سەرمایەداران و خاوەن موڵكەكان بكەین بە كەمكردنەوەی كرێی خانوو و دوكانەكان یان بە وەرنەگرتنی كرێ، یارمەتی كاسبكاران و توێژە كەم داهاتەكانی كۆمەڵگا بدەن و بەم شێوەیە پشكێكی گەورەتر لە هاوپشتی گشتی و سەركەوتنی ئاخێزی جەماوەریی بەدەستبێنن. هاوپشتی سەرتاسەری بە هاوپشتی خۆجێی نێوان هەموو توێژ و گروپە كۆمەڵایەتییەكان مومكین دەبێت و رێگەی سەركەوتن كەم تێچووتر دەكات. گومانمان نیە كە ئازادیخوازان و هۆگرانی رزگاری و پشتیوانانی ئەم شۆڕشە خەڵكییە، دەنگی ئێمە و خەڵكی ستەم لێكراو بە دڵ ئاواڵایی و بەخشندەییەوە وەڵام دەدەنەوەوە.
بڕوخێ رژیمی دیكتاتۆری كۆماری ئیسلامی
بژی دادپەروەری و خەباتی سەرتاسەری خەڵكی ئێران
ژن، ژیان، ئازادی
ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران
١٧ی سەرماوەزی ١٤٠١