خەڵکی خۆڕاگر و بەهەڵوێستی کوردستان!
حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی و ئێرانی!
ئەوڕۆ ٢٨ی گەلاوێژ، ٤١ ساڵ بە سەر فتوا بەدناوەکەی خومەینی و هێرشی هەمەلایەنەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر کوردستان تێدەپەڕێ.
لە پاش شۆڕشی گەورەی خەڵکی ئێران و رووخانی رژیمی پاشایەتی لەو وڵاتە وا چاوەڕوان دەکرا کە ئێران بەرەو سەقامگیری و داننان بە مافەکانی خەڵکدا بڕوا، چونکە لە لایەک گەلانی ئێران هەم تێچوویەکی زۆریان بۆ ئەو شۆڕشە و لابردنی رژیمی پێشوو دابوو، هەم رژیمی تازە بە دەسەڵات گەییشتوو وادە و بەڵێنیی وایان بە خەڵک دابوو کە رێز لە داخوازیەکانی ئەوان دەگیرێ و رێگا بە هەموو هێزە سیاسیەکانی بەشداری شۆڕش دەدرێ کە پێکەوە ئێرانێکی ئازاد و ئاوەدان بنیات بنێنەوە، بەڵام بە داخەوە هەر زوو ئەو شۆڕشە گەورەیە بەلاڕێدا برا و پشت لە هەموو ئاوات و ئامانجەکانی خەڵک کرا.
یەکێک لەو گەلانەی چوارچێوەی جوغرافیای ئێران کە بە هەموو شێوەیەک رۆڵی لەو شۆڕشە مەزنەدا هەبوو، گەلی کورد و هێزە سیاسیەکانی کوردستان بوون، کە خوازیاری ئەوە بوون لە پاش شۆڕش، کۆتایی بەو هەموو ناحەقی و نەهامەتییانەی لە رژیمی پێشوودا بەرانبەریان کرابوو، بهێنرێ.
خەڵکی کوردستان هەر لە سەرتاوە خوازیاری ئەوە بوون کە بە شێوەیەکی ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی پرسی کورد لە گەڵ ناوەند چارەسەر بکەن. بەڵام بەداخەوە رژیمی تازە بەدەسەڵات گەییشتوو و لە سەرووی هەموویانەوە خومەینی باوەڕی بە چارەسەریی پرسی کورد نەبوو و داوای ئاشتیانەی خەڵکیان بە فتوای شەڕ و هێرش بۆ کوردستان وڵام دایەوە.
کار گەییشتە ئەو جێگایەی کە رۆژی ٢٨ی گەلاوێژ بە فتوای خومەینی هێرشێکی هەمەچەشنی هێزە سەرکوتکەرەکانی رژیم لە زەوین و ئاسمانەوە بۆ کوردستان دەستی پێکرد.
لەو هێرشە داعش ئاسایەی سەردەم ئەوەی دەرحەق بە خەڵکی کوردستان لە دەستیان هات کردیان. لە بۆمباران و تۆپبارانی شار و گوندەکانەوە بگرە تا کوشتنی ژن و منداڵ و ئیعدامە بەدناوەکانی دادگاییە چەن خولەکیەکانی خەڵخاڵیی جینایەتکار.
لەم ٤١ ساڵەدا تا ئێستا بە دەیان هەزار خەڵکی بێ دەرەتانی کوردستان بە دەستی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بە دەیان شار و گوندی کوردستان خاپوور کراون و بە دەیان رێبەری و سەدان کادری ساسیی لێوەشاوەی کورد بە دەستی رژیمی کۆماری ئیسلامی تیرۆر کراون. بە هەزاران پێشمەرگە شەهید کراون و زیاتر لە دوو هەزار زیندانیی سیاسی لە زیندانەکان ئیعدام کراون.
ئێستاش پاش ٤١ ساڵ هێشتا کار بەو فتوایە دەکرێ و رژیم دەستی لە جنایەتەکانی دەرحەق بە خەڵکی کوردستان هەڵنەگرتوە.
خەڵکی خۆڕاگری کوردستان!
٢٨ی گەلاوێژ ئەگەر لە لایەک ساڵڕۆژی وەها فتوایەکی بەدناوە، لە لایەکی دیکەشەوە وەبیرهێنەرەوەی بڕیاری بەرگری گەلی کورد و سەرکردایەتیی بوێری شۆڕشەکەی و بەرنگارییەکی پیرۆزە کە نیشاندەری ئیرادە و هێزی باوەڕی نەتەوەیەکە کە رێگای نەدا و رێگا نادا ملهوڕیەکان و جینایەتەکانی دەسەڵاتی تاران بە چۆکیدا بێنێ و تەسلیمی ویست و داخوازیە نامرۆڤانەکانی رژیمی کۆماری ئیسلامی ببێ. ئەوە ٤١ ساڵە کە هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بە پشتیوانی خەڵکی خۆیان، لە مەیدانی بەرگری دان و سەرەڕای قوربانیدان و تێچووی زۆر نەیانهێشتوە بیر و هزری دواکەوتوانەی رژیمی مرۆڤکوژی تاران بەسەر کوردستاندا زاڵ ببێ.
بۆیە لەم رۆژە مێژووییەدا وێڕای سەری رێز و کڕنۆش لە بەرانبەر رووحی پاکی شەهیدانمان، جارێکی دیکە بەڵێن بە خەڵکی کوردستان دەدەین کە، تا گەییشتن بە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان لە خەبات و تێکۆشان ناوەستین و هاوکات داواشیان لێدەکەین وەک چۆن ئەو هەموو ساڵە پاڵپشتمان بوون و هەن، دەبا هەموومان و بە هاوکاری و یارمەتیی یەکتر خەباتی گەرموگوڕی خۆمان بەرینە پێشێ و بە هیممەتی هەموو لایەکمان رژیمی داگیرکەری تاران لە وڵاتی خۆمان وەدەر بنێین و ئازادی و ئاوەدانی بۆ وڵاتەکەمان بە دیاری بێنین.
نەفرەت لە فتوا و فەرمانی خومەینی و رژیمی کۆماری ئیسلامی و هێرشی وان بۆ سەر خەڵکی ئازادیخواز و ئاشتیخوازی کوردستان
سڵاو لە بەرگری و خۆڕاگری و گیانبازی و فیداکاریی خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسیە دەروەستەکانی
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٢٨ی گەلاوێژی ١٣٩٩