خەڵكی خۆڕاگری كوردستان حیزب و رێكخراوە سیاسیەكانی كوردستان
ئەمرۆ 42 ساڵ بە سەر فتوای خومەینی بۆ جیهاد دژ بە خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان و لەشكركێشی دژ بە خەڵكی كوردستان تێپەڕ دەبێت. 42 ساڵ لە تۆتالیتاریزم، لە دیكتاتۆری و فاشیزمی مەزهەبیی و لە درێژەدان بە چەوساندنەوەی نەتەوەیی و لە داگیركەریی.
لە پاش شۆڕشی ساڵ 1357ی گەلانی ئێران و روخانی رژیمی پاشایەتی، چاوەڕوان دەكرا كە ئێران بەرەو سەقامگیری و داننان بە مافەكانی خەڵكدا بڕوات، بەڵام هەر زوو رژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوی ئیسلامی مەلاکان ، دژایەتییەكانی خۆی بەرامبەر بە ئازادییەكانی خەڵک و پێشێلكردنی مافی نەتەوەكانی ئێران لەوانە گەلی كورد و بو تایبەت ژنانی کورد کە رۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە وتنی نا بە رژیمی تازە بە دەسەلات گیشتوی ئیسلامی دەستپێكرد. گەلی كورد و بە تایبەت ژنانی کورد لە كوردستانی ئێران هەر لە سەرەتاوە خوازیاری ئەوە بوون كە بە شێوەیەكی ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی پرسی كورد لە گەڵ ناوەند چارەسەر بكەن. بەڵام بەداخەوە رژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو و لە سەرووی هەموویانەوە خومەینی باوەڕی بە چارەسەریی پرسی كورد نەبوو و داوای ئاشتیانەی خەڵكیان بە فتوای شەڕ و هێرش بۆ كوردستان وڵام دایەوە.
لە رۆژی 28ی گەلاوێژی ساڵی 1358ی هەتاوی بە فتوای خومەینی هێرشێكی هەمەچەشنی هێزە سەركوتكەرەكانی رژیم بۆ سەر كوردستان دەستی پێكرد كە تا ئەمرۆكەش ئەم شەڕو داگیركارییە لە كوردستان بەردەوامەو كۆماری ئیسلامی بەهەموو ئامرازێك هەوڵی بۆ سەركوتی بزوتنەوەی ڕەوای خەڵكی كوردستان داوە.
لەماوەی ئەم 42 ساڵەدا تا ئێستا بە دەیان هەزار خەڵكی بێ دەرەتانی كوردستان بە دەستی كۆماری ئیسلامی كوژراون و بە دەیان شار و گوندی كوردستان خاپوور كراون و بە هەزاران چالاكوانی سیاسی لەسێدارە دراون.
رۆژی 28ی گەلاوێژ بۆ خەڵكی كوردستان سەرەڕای وەبیرهێنانەوەی فەتوای خومەینی و هێرشی دڕەندانەی هێزەكانی رژیم بۆ سەر كوردستانە، لەلایەكی ترەوە وەبیرهێنەرەوەی بڕیاری بەرگری گەلی كورد بۆ خۆڕاگریو بەرەنگاریی دژ بە هێرشی رژیم بۆ سەر كوردستانە. ماوەی 42 ساڵە كە هێز و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بە پشتیوانی خەڵكی خۆیان، لە مەیدانی بەرگری دان و سەرەڕای قوربانیدان و تێچووی زۆر نەیانهێشتوە بیر و هزری دواكەوتوانەی رژیمی مرۆڤكوژی تاران بەسەر كوردستاندا زاڵ ببێ.
ناوەندی ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەساڵیادی فەتوای خومەینی بۆ هێرش كردنە سەر كوردستان سڵاو و درود دەنێرێ بۆ یادی شەهیدان و دووپاتی دەكاتەوە تەنیا چارەسەر بۆ نەهێشتنی سەركوتو رۆژڕەشی خەڵكی كوردستان، هەوڵ و خەباتی هەمەلایەنەی گەلی كوردو هەموو نەتەوەكانو ئازادیخوازانی ئێرانە بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی.
سڵاو لە خۆڕاگری و گیانبازی و فیداكاریی خەڵكی كوردستان
بڕوخێ رژیمی كۆماری ئیسلامی
ناوەندی ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان
28ی گەلاوێژی 1400ی هەتاوی
رێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد
رێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات
یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان
یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران