شکۆدار بێت ٣١ی جۆزەردان رۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە
کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان!
بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووان!
تێکۆشەرانی دێرین و خەباتکارانی نهێنی!
پێشمەرگە فیداکارەکانی کۆمەڵە!
٤٣ساڵ لەوەپێش لەسەر بریاری کومیتەی ناوەندیی ئەو کاتی کۆمەڵە،هاورێ سەعیدی موعینی “خانە” بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەرکێکی رێکخراوەی رەوانەی کوردستانی باشوور کرا. زۆر زوو لە رۆژی ٣١ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا هاورێ خانە لەگەڵ ئەو پۆلە پێشمەرگانەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە هاتبوونە پێشوازی،لە ئاوایی “دڕی” لە نزیک شارۆچکەی ماوەت لەگەڵ سپای درندەی حکوومەتی بەعسی رووخاوی عێراق تووشی شەرێکی قورس دەبن.بەداخەوە لەو شەرەدا کاک خانە هاورێ لەگەڵ پێنج پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان گیانیان بەختکرد. لەوساڵەوە رۆژی ٣١ی جۆزەردان وەک رۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە دیاری کراوە و،لەو رۆژەدا و لە رێورەسمی شکۆدار دا رێزلە یادی ئازیزی کاک خانەی موعینی وەک یەکەمین پێشمەرگەی گیانبەختکردووی کۆمەڵە دەگیرێ.
سەعیدی موعینی ناسراو بەخانە،قارەمانی خۆراگری و سەربەرزی شکەنجەگاکانی ساواکی پەهلەوی،تێکۆشەری ئەو حیزبە بوو کە زۆر زوو ناوەرۆکی دوژمنکارانە وداگیرکەرانەی حکوومەتی تازە بەدەسەڵاتگەیشتووی ئیسلامی بەرامبەر بە کوردستان ناسی و، پەلاماردانی دەسکەوتەکانی خەڵکی کوردستانی لە لایەن ئەو رژیمەوە بە ئەگەرێکی جیددی دەزانی،هەر بۆیە کۆمەڵە،حیزبەکەی خانەی خەباتکار بۆ سازدانی بەرەنگارییەکی جەماوەری و سەرتاسەری بەرامبەر بە هێرشی چاوەروانکراوی حکوومەتی ناوەندی و،پاش راگەیاندنە بەنێوبانگەکەی “گەلی کورد لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویدا” بیرۆکەی دامەزراندنی یەکەم فێرگەی پێشمەرگایەتی گەڵاڵە کرد و بەمجۆرەش بەردی بناغەی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە داندرا.هەر ئەمە بەسە بۆ سەلماندنی ئەوەیکە پێکهێنانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە وەڵامدانەوە بە پێویستییەکی مێژوویی بوولە قۆناغێکی هەستیار و چارەنووسساز لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان.کۆمەڵە بەپشتبەستن بە بوونی ئەو هێزە بوو کە توانی دۆخی باو وچەقبەستووی سیاسەت و حیزبایەتی لە کوردستان بگۆرێ.هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە ئەو پارسەنگە گرینگە بوو کە کلتووری حیزبایەتی لە کۆمەڵی کوردەواریدا گۆری و کۆتایی بە بیرۆکەی یەک نەتەوە،یەک حیزب لە کوردستان هێنا و ئازادی هەڵسوورانی سیاسی و حیزبایەتی کردە شووناسی شۆرش وخەباتی کوردستان.هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە هەوێنی رەخساندنی بەستێنێکی نوێ و پێشکەوتنەخوازانە بوولە کوردستان کە ئەو دەرفەتەی رەخساند شقڵی حیزبایەتی لە پاوانی چین وتوێژێکی بەرتەسک و دیاریکراو بشکێ و بۆ قوڵایی کۆمەڵگا وبۆ نێو چین وتوێژە جیاوازەکان شۆر بێتەوە.کۆمەڵە بە بوونی ئەو هێزی پێشمەرگەیە بوو کە توانی لە هەموو قۆناغە پر مەترسی وهەستیارەکانی ئەو سەردەمدا سەربەرز وسەرکەوتوو بێتەدەر.هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە تەنیا هێزێکی چەکدار نەبوو کە بۆئامانجێکی بەرتەسک و حیزبی پێکهاتبێ،بەڵکوو تەواوکەری بزووتنەوەی سیاسی وجەماوەری و مەدەنی کوردستان بوو. ئەم هێزە وەک هێزێکی خەباتکاری رزگاریی نەتەوەی،پاڵپشتی کرێکاران وزەحمەتکێشان و چینی چەوساوە،هێزی هیوابەخشی لاوان و مەیدانی خەباتی ژنان وکچانی زۆرلێکراو،رووناکبیران وپێشکەوتنخوازانی کوردستان و،وەک هێزی متمانەپێکراوی گەلی کورد رێچکەیەکی دیار وروونی بەجێهێشتووە کە هەتا ئێستاش رۆژانە ژنان وپێاوان ولاوانی خەباتکاری کوردستان و هەموو ئەو کەسانەی کە خەون وئارەزووەکانیان لە ئامانجەکانی کۆمەڵەدا دەبینەوە،هەموو مەترسییەکانی دووریی رێگا و ملیتاریزمی داگیرکەر بە گیان دەکرن وبەو هێزە پەیوەست دەبن. پێویستە بڵێین کە هەرچەند فارماندەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە هێچ کامیان دەرچووی هێچ کۆلێژ وزانکۆیەکی سەربازی نەبوون،بەڵام لە رەوتی شۆرشی کوردستان وخەباتی قارەمانانەی پێشمەرگانەدا،بە فیداکاری و لێهاتووی و لەخۆبوردووی خۆیان و لە کورەی خەباتی سەختی پێشمەرگانەدا بە سەدان شارەزا وفەرماندەی لێهاتووی بواری نیزامیان لێ دەرهات کە دۆست ودۆژمن دان بە لێهاتووی و سەرسەختیان لە پێناو ئامانجە بەرزەکانیاندا دەنێن.هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە کە خاراوی کورەی شۆرشی کوردستانە وپراوپر خاوەندارەتی لە مافەکانی گەلی کورد کردووە،هەرگیزخۆی تەنیا بە بەرپرسیاری ئەرکی پێشمەرگانە نەزانیوە،بەڵکوو ئاسۆیەکی روونتری بۆ خۆی دەست نیشان کردووە،هەر بۆیە پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لەگەڵ ئەوەی جەنگاوەرانی کەم وێنەی مەیدانی شەر وخۆراگرین،لە هەمانکاتدا رابەرانی راستەقینە و هەڵوسووراوانی کارامەی مەیدانی خەبات لە بزووتنەوەی سیاسی وجەماوەرین لە کوردستان.لە بواری کاری مەدەنی،ئەدەبی،شانۆ و موزیک و گۆرانی و سروود و،بە گشتی لەهەموو بوارە هوونەرییەکاندا بە سەدان نموونە و بەرهەمی بەرجەستەیان خوڵقاندووە.ئەم هێزە هەمیشە بەلەبەرچاوگرتنی پێویستیی سەرهەڵدان و ئەرکەکانی سەرشانی پارێزگاری لە بوون وشووناسی پێشمەرگەی کۆمەڵە کردووە.
هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە ماوەی زیاتر لە چواردەیەی خەباتی بێ وچان وقارەمانانەی خویدا گەلێک قۆناغی دژوار وئەستەمی بریوە.تووشی گەلێک بەربەست وئاستەنگی قورس هاتووە.هێزی داگیرکەر بۆزەبروەشاندن لێی لە هیچ درندەیی وجینایەتێک دەستی نەپاراستووە.بە مەبەستی بەرتەسککردنەوەی و نەهێشتنی کاریگەرییەکانی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەیدا گەلێک پیلانی بە دژ گێراوە،شیمیابارانیان کردووە وبە هەزاران گیانبەختکردووی بەخشیوە،بەسەدان کەمئەندامی لەبەرەکانی شەرهەیە.بە سەدان کەسی لە بەندیخانەکاندا ئازار وئەشکەنجەیان بینیوە ولە سێدارە دراون،بەڵام هەرگیز بۆ ساتێکیش ورەی بەر نەداوە وبەرچاوی لێڵ نەبووە وئامانجەکانی لێ نەشێواوە.سەرەرای باری گرانی هەموو ئەم نەهاتیانە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە وەک پاڵپشتی گەلی کورد لە پێناو دەستەبەرکردنی مافەکانیدا و،وەک خەباتکاری لێبراوی ئازادی ودێمۆکراسی،وەدیهێنەری دادپەروەری ویەکسانی،جێ متمانەی ژنان و لاوانی کوردستان و،وەک پارێزەری سەرەکی مافەکانی مرۆڤ و تێکۆشەر لە پێناو دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی بەختەوەر و شیاوی ئینسان لە سەر پێ ماوەتەوە و خۆی بۆ ئەو ئەرکە گرینگە پاراستووە.
ئازیزان!
ئەمرۆ لە کاتێکدا یادی کاک خانە بەرز رادەگرین ویادی رۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە دەکەینەوە کە تەنیا سێ رۆژ بەسەر شانۆگەریی پرۆسەی گاڵتەجارانەی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامیدا تێدەپەرێ.بە شاهیدی هەموو کەس رۆژی ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی ئەم رژیمە لە هەموو کاتێک زیاتر هەستی بە داماوی و زەلیلی خۆی بەرامبەر بە ئیرادەی خەڵکی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتیتر کرد.لە بەرینترین ئاستدا دواکاریی دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێران بۆ هاندانیان بە مەبەستی هێنانە سەر سندووقەکانی دەنگدان پووچڵ بوویەوە و بەمجۆرەش خەڵک بە یەکگرتوویی خۆیان پەیامێکی رۆشنیان بۆ هەموو دنیا نارد کە کۆماری ئیسلامی دەبێ بروات.بە پێی هەموو لێکدانەوەکان و بە بروای زۆرینەی چاودێرانی سیاسی دۆخی ئێران،دەوڵەتی تازە داسەپاوی ئیسلامی لەبەردەم لانیکەم دوو قەیرانی قووڵی نێوخۆیی ودەرەکیدایە کە دەربازبوون لێی ئەستەمە.چاوەروان ناکرێ ئەم رژیمە بتوانێ کێشە وململلانییەکانی لەگەڵ ئامریکا ووڵاتانی ئورووپایی لەمەر پرسە ئەتۆمییەکەی وپەرەدان بە پرۆژەی مووشەکە دوورهاوێژ وبالستیکەکانی و دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچەکە و پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ ئەو جۆرەی خۆی مەبەستییەتی چارەسەر بکات و ئەمەش بەو مانایەیە کە لانیکەم لەچەند ساڵی داهاتوودا ناتوانێ خۆی لەژێر باری گرانی کاریگەییەکانی گەمارۆکان دەرباز بکات.کەوایە ئەم حکوومەتە هیچ ئاسۆیەکی روونی بۆ چارەسەری قەیرانە نێوخۆییەکان لەبەر دەست نییە وبێگوومان ئەوەش وادەکات قۆناغێکی نوێی نارەزایەتی و تەوژمێکی بەهێزتری خرۆشانی جەماوەری لێبکەوێتەوە.نابێ لەبیرمان بچێت کە بەریەککەوتنی ئەمجارەی جەماوەری برسی ووەزاڵەهاتوو لەگەڵ دەسەڵاتی ستەمکار وداپڵۆسێنەری ئێران دەتوانێ بەستێنی گەلێک دەرفەت ورووداوی چاوەرواننەکراوبخوڵقێنێ.هەر بۆیە بە لێکدانەوەی ئەم بارودۆخە، بەهێزبوونی بزووتنەوەی چەپ وپێشکەوتنخواز وسێکۆلار ویەکگرتوویی و یەکگووتاریی حیزب ولایەنە کوردستانییەکان پێویستییەکی هەنووکەییە لە پێناوبەهێزترکردنی پێوەندی حیزبەکان و بزووتنەوەکانی ناوخۆ.بۆ ئەم مەبەستە گرینگە کۆمەڵە بە پاڵپشتی هێزێکی تۆکمە و لێهاتوو،پۆشتەوپەرداخ وپێگەیشتووی پێشمەرگە بە متمانەبەخۆبوونێکی زۆرترەوە وبە سەنگ و قورساییەکی زیاترەوە لە پێناو سازدانی یەکریزی ویەکێتی لە نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەکاندا هەنگاو دەنێ و تێدەکۆشێ.پیویستە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لەم قۆناغە چارەنووسسازەی ئێستادا هەروەک قۆناغی سەرەتای سەرهەڵدانی ئامادە بێ ورۆڵی خۆی وەک هێزێکی خەباتکار،لێبراو و پێشەنگ ببینێ.
لێرشدا جارێکتر رێزدەگرین لە یادی هەمیشە زیندووی کاک خانەی موعینی.سڵاو دەنێرین بۆ بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە و پەیمانیان لەگەڵ نۆێ دەکەینەوە کە هەتا دوا رۆژی سەرکەوتن بەرامبەر بەو ئامانجە پیرۆزانەی کە رۆڵە و ئازیزانی ئەوان و هاورێیانی ئێمە گیانیان لە پێناویدا بەختکرد وەفادار دەمێنینەوە و خەباتی بۆ دەکەین.هەر لێرەوە روو لە تێکۆشەرانی دێرینی کۆمەڵە،چ ئەو ئازیزانەی کە لە سەنگەرەکانی شەری پێشمەرگانەدا بریندار بوون وبەشێک لە ئەندامەکانی جەستەیان لەدەست دا،و چ ئەو هاورێیانەی کە بەشێک لە باشترین ساڵەکانی تەمنیان بە خەباتی پێشمەرگانە بەخشی و ئێستا بەهەرهۆیەک لەگەڵمان نین دەڵێین :هاورێیان! ئێوە لە باشترین پێشرەوانی ئەو هێزە شانازی خوڵقێنە بوون وهەن.زەحمەت و قوربانیدانتان جێگای رێز وپێزانییە.دەستی هاورێیەتیتان بۆ درێژ دەکەین ولە ئامێزی هاوخەباتیتان دەگرین و هیوای بەختەوەریتان بۆ دەخوازین.زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی خۆراگریان وەک هیمشە مایەی سەربەرزی وشانازیمانن.سڵاو دەنێرین بۆ خۆراگریتان.روو لە ژنان وپیاوانی خەباتکار و کچان وکورانی ئازادیخوازی کوردستان دەکەین و دەڵێن بۆ وەدیهاتنی ئامانجەکانتان و لە پێناو برەودان بە خەباتی شۆرشگێرانەی کوردستان،هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە هێزی خۆتانە،بە هاتنە ناو ئەم ریزە بەهێزی کەن وتین وتوانی زیاتری پێببەخشن.بەخێر بێن بۆلامان.
بژی یادی ئازیزی هاورێ سەعیدی موعینی ناسراو بە خانە
سەرکەوتوو بێت بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد
بژی ئازادی و سوسیالیزم
بژی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە
کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی
٢٠ی ژوئەنی ٢٠٢١ی زایینی