“نەورۆز هێمای ژیانەوە و پێکەوە بوون”
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
نەورۆز و ساڵی نوێ لە هەموتان پیرۆز بێ. سەرتان بەرز، دڵتان شاد، ئاوات و هیواتان گەشاوە و ماڵتان ئاوەدان بێ. ئەوساڵ لە هەلومەرجێکدا بەرەوپیری ساڵی نوێ و نەورۆز دەچین کە کۆماری ئیسلامی سیاسەتی گرتن و ئیعدامی پتر لە پێشوو پەرە پێداوە، سیاسەتی ئاپارتایدی جینسی دژ بە ژنان، گوشار بۆ چالاکوانانی مەدەنی، بەربەرەکانێ لەگەڵ داخوازی و بزوتنەوە کرێکاریەکان و بەرتەسک کردنەوەی زۆرتری ئازادیە سیاسیەکان لە حکومەتی روحانیدا نەک کەمی نەکرد، بە پێچەوانە زیادیشی کردوە. باری ئابوری وڵات ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ خراپتر دەبێ. بە هەموو ئەو بارگرانی بەسەر خەڵکەوە هەیە و سەرەڕای ناڕەزایەتی گشتیی، بەڵام ئەم رژیمە سیاسەتی دەستوەردان لە وڵاتانی ناوچەکەی پەرە پێداوە و لە چەندین وڵات لایەنی سەرەکی شەڕ و بشێویە.
زۆرترین بودجەی ئەمنیەتی بۆ کوردستان پەسەند کردوە، سنورەکانی کوردستانی داوەتە سپای پاسداران، سی و هەشت ساڵە لە سیاسەتی پاکتاوکردن و هەڵاواردنی نەتەوەییدا بەردەوامە، گرتووخانەکان پڕن لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی کورد، دەستی لە ئیعدامی سیاسی لە کوردستان نەپاراستوە، بەوەشەوە نەوەستاوە خەڵکی کاسبکاریشی لەسەر سنورەکان داوەتە بەر پەلامار و ڕۆژ نییە کۆڵبەران و تازەلاوانی ئەو وڵاتە نەکوژرێن و خوێنیان نەڕژێ. بەڵام خەڵکی کوردستان کۆڵی نەدا و بە شێوەی جۆراوجۆر لە بەربەرەکانێدا بووە، نە باڵی” ئیسلاحخواز”ی ئیسلامی توانیان بە پیلانگێڕی پێگەی جەماوەری وەدەست بێنن، نە پاونخواز و سەرکوتکەران توانیان بەرگریی لە فراوانبوونەوەی پانتایی جوغرافیایی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان بکەن. ئێستاش کوردستانی ڕۆژهەڵات سەرەڕای میلیتاریزم و دیکتاتۆریی بێ وێنە، کۆمەڵگایەکی خوازیاری سکولاریسم و پێشکەوتوویی، دژ بە هەموو باڵەکانی کۆماری ئیسلامی و پڕپڕ لە سکڵی سوری بن خۆڵەمێشە کە لەرزەی خستۆتە گیانی داگیرکەران و بۆیەشە بودجەی ئەمنیەتیەکەی بە چەند قات زیاد دەکرێ.
دەبینین کە ئێستا بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان سەرەڕای پاشماوەی گرفتی ناوخۆیی، لە هەموو پارچەکان گوڕوتینێکی مێژوویی بەخۆوە گرتوە، ئیتر “وا نەما کوردە پەڵوڵەی دوێنی+ ئێستە هێند سەختە ددان دەشکێنێ”. بیروڕای جیهانی، زلهێزەکانی ناوچە و جیهان بە ڕێز و گرینگیەوە سەیری ئەو بزاوتە و خەباتی گەلی کورد دەکەن. لە بەرانبەردا هەموان کۆماری ئیسلامی بە کانگای ئاژاوە، تیرۆر، دژبەریی لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ و نا سەقامگیری دەبینن. ئەم رژیمە لە دەرەوەی سنورەکان تووشی بەربەرەکانێی جیددی بۆتەوە و لەمپەری بەهێزی هاتۆتە سەر ڕی. بیگومان سیاسەتی پاوانکردن و دەستدرێژی لە دەرەوەی سنورەکان بە زوویی لەگەڵ شکست ڕووبەڕوو دەبێ و لە ئاکامدا شەپۆلی پۆنگخواردوی ناڕەزایەتی ناوخۆیی لە سەراسەری ئێران تەخت و بەختی رژیم دەکاتە ئامانج.
گەلی خەباتکاری کوردستان!
پێویستە نەورۆز و ساڵی نوێ بکەینە ساڵی یەکگرتوویی و خەباتی هاوئاهەنگی هەموو پێکهاتە کۆمەڵایەتی و ڕەوتە سیاسی و مەدەنیەکان. ئەوڕۆ و لەو هەلومەرجە ناوچەیی و جیهانیەدا کار و خەباتی ئێوە و ئێمە لە ڕۆژهەڵات بە حیزبی سیاسی، رێکخراوی مەدەنی و پیشەیی و هەموو ریزەکانی کۆمەڵگاوە مەیدانێکی نوێی لەبەردەم کراوەتەوە کە کلیلی پێشوەچوونی یەکگرتوویی و هاوخەباتیە. با لە نەورۆزدا لە شار و دێهات، لە کۆڵان و گەڕەک، هەموان پێکەوە و دەست لە ناو دەستی یەکدی بە هەر شێوازێک کە دەگونجێ کۆبینەوە و پەیمان تازە بکەینەوە کە بۆ ڕزگاری و یەکێتی حەولەکانمان زیاتر دەکەین. با سەردانی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و چالاکوانانی مەدەنی بکەین و بەمجۆرە دڵنیایان بکەین کە لەگەڵیانین. با لە نەورۆزدا جارێکی دیکە ڕێز بگرین لە فەرهەنگی باڵای ژینگەپارێزی و چالاکانی ئەو بوارە، چالاکنی بزاوتی ژنان و یەکسانیخوازی، ڕێز دابنێین بۆ ئەوانەی بە گەشەی کاری فەرهەنگی و ئەدەبی کوردی لە دەورەی شەوەزەنگ و ئەنگوستەچاودا بوێرانە ئەرکی گرینگ و گرانیان بە لێهاتویی وەئەستۆ گرت، با بە شادی و کۆبوونەوەی جەماوەریی ترس بخەینە دڵی داگیرکەران و هاوپشتی لەگەڵ خەباتی خەڵکی بەشەکانی دیکەی کوردستان بنوێنین. ئێوە لە ساڵانی پێشودا نیشانتاندا کە بە لێهاتویی لە بۆنەی نەورۆزدا پەیامی خۆتان دەگەیەنن. با نەوڕۆزی ئەوساڵیش هەر بەو لێهاتوییە بکەینە سەرەتای دەورەیەکی نوێ و پەیمانی پتەوی کیژ و کوڕ و پیر و لاوی ئەو کوردستانە بۆ بوژانەوە و سەرهەڵدانی نوێ و شێوازی نوێی خەبات. هەموو ڕۆژێکتان نەورۆز ، شکست و نەمان بۆ دوژمنانتان.
کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٧ ڕەشەمەی ١٣٩٥ هەتاوی