بۆ ماوەی نزیك بە سێ هەفتەیە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە داعش هێرشێكی چرو پڕی بۆ سەر شاری كۆبانی لە رۆژئاوای كوردستان دەست پێكردووەو تا ئێستاش گەمارۆدانی ئەو شارە لە لایەن ئەم هێزە كۆنەپەرەست و دژە ئینسانیەوە بەردەوامە.
هێرش و پەلامارو گەمارۆدانی كۆبانی، بووەتە هۆی ئاوارە بوونی نزیك بە 200 هەزاركەس لە خەڵكی ئەو شارە و لە لایەكیترەوە بە هەزاران كەسیش لەو شارەدا ماونەتەوەو بە شێوەیەكی قارەمانانە بۆ بەرگری لە كۆبانی و دانیشتوانی خۆڕاگرانە لە سەنگەرەكانی بەربەرەكانیدا دەجەنگن.
بۆ بەرگری لە كۆبانی ، ژنان و كچانی قارەمانی رۆژئاوای كوردستان لە سەنگەرەكانی بەرگری لەم شارە خۆشەویستە دەیان داستانی قارەمانانەیان خوڵقاندووە كە بووەتە جێی شانازی بۆ نەتەوەكەمان و میدیاو ناوەندە جیهانیەكان بە شانازیەوە باسیان لێوە دەكەن.
هەر لەو پێوەندیەدا وەك هاوپێوەندی و هاوسۆزی نەتەوەیی دەبینین چۆن خەڵكی كوردستانی رۆژهەڵات و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و یەك لەوان ژنان چۆن چالاكانە بە شێوەی جۆراوجۆر پشتیوانی خۆیان بۆ كۆبانی دەردەبرن و جارێكیتر پاڵپشتی راستەقینەی خۆیان وەك رابردوو بۆ پارچەیەكی تری كوردستان دووپات دەكەنەوە.
ئێمە وەكو رێكخراوەكانی ژنانی كوردستانی رۆژهەڵات وێرای مەحكوم كردنی دەستدرێژی و هێرشەكانی داعش بۆ سەر خەڵكی كۆبانی ، پشتیوانی و هاوپێوەندی خەباتی خۆمان لە خەڵكی ئەو شارەو ژنانی تێكۆشەری بەرەكانی خۆراگری دەردەبڕین و لە لایەكی تریشەوە ماندوو نەبوون و دەست خۆشی لە خەڵكی كوردستانی رۆژهەڵات بە گشتی و ژنان بە تایبەت دەكەین، كە چۆن شێلگیرانە بۆ پشتیوانی لە كۆبانی و دەربرینی داواكاریە راستەقینەكانیان لە ژێر سایەی دیكتاتۆریەت و سیستمی خەفەقان و سەركوتتدا دێنە دەنگ و مەیدانەكانی خەبات زیندوو رادەگرن.
سەركەوتن بۆ خەباتی ڕەوای گەلی كورد ,نەمان بۆ تیرۆرستان.
1-كۆمەڵەی ژنانی ڕۆژهەڵات
2-یەكێتی ژنانی دیموكراتی كوردستانی ئێران
3-ئاسۆی ژنی كورد
4-یەكێتی ژنانی دیموكراتی كوردستان
5-رێكخراوی ئازادی ژنانی كوردستان_نینا
6-رێكخراوی ئافرەتانی خەباتی كوردستانی ئێران
١٨/ رەزبەر/1393