کۆنفرانسی گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان (کۆنفرانسی ٩) ڕۆژانی ٢٥، ٢٦ و ٢٧ی مانگی نۆڤامبر بە بەشداریی ئەندامانی کومیتەی ناوەندیی و بەرپرسانی ڕێکخراوەکان و نوێنەرانی ئەندامانی کۆمەڵە بەڕێوەچوو.
کۆنفرانس بە سروودی ئەنترناسیوناڵ و دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە و هەموو گیانبەختکردوانی ڕیگەی ئازادی و سوسیالیزم و خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان کرایەوە و بە سروودی بانگەواز، سروودی ڕەسمیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کاری ڕەسمی خۆی دەستپێکرد.
ڕاپۆرتی سیاسی و تەشکیلاتیی کومیتەی ناوەندیی کە له لایەن هاورێ عومەر ئیلخانیزادە سکرتێری گشتیی کۆمەڵەوە پێشکەش بە بەشداران کرا، لێکدانەوەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێران و ناوچەکەی لەخۆ دەگرت. لەم ڕاپۆرتەدا هەروەها بە وردی باس لە هەموو مەیدانەکانی کاری کۆمەڵە هەر لە بواری چەکداری و پێشمەرگایەتی تا کاری رێکخستنی ناوخۆ و راگەیاندن و پێوەندییەکان کرا و ڕێنوینی پێویستی بۆ دەوری داهاتووی چالاکی ئەم بەشانە لە خۆدەگرت. راپۆرتی کومیتەی ناوەندیی هەروەها باسی لە خەباتی عەداڵەتخوازانە و یەکسانیخوازانە و ڕزگاریخوازانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەورونەقش و ئەرکەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لەو بوارانەدا کرد و پێداگر بوو بۆ پێکهێنانی چەتری هاوکاریی نێوان هێزە سیاسیەکانی کوردستان.
کۆنفرانس تەئکیدی لەسەر ئەوە کردەوە کە کۆمەڵە وەک هێزێکی چەپ و سوسیالیست لە کوردستان بە دروست، پێداگریی لەسەر سیاسەتی رێکخستن و پشتیوانیی بزووتنەوەی چەپ و سوسیالیستی لە کوردستان کردووە و هەلومەرجەکە بۆ کاری خۆی، وەک خەباتکاری ئەو ڕێگایە، بە ڕەخساو دەزانێ و هاوکات خەباتی نەتەوەیی بە ئەرک و کاری خۆی دەزانێ و بەردەوام دەبێ لە خەبات بۆ ڕزگارکردنی گەلی کورد لە ستەمی نەتەوەیی و وەستهێنانی مافەکانی. لەو باسەدا هەروەها ئاماژە بە خەباتی ڕزگاریخوازنە و دۆخی خەبات لە هەموو بەشەکانی کوردستان کرا و هاوکات لەگەڵ پشتیوانی لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لەهەموو بەشەکان، پێداگری لەسەر ئەوەکرا هەڵوێستی ڕەخنەگرانە و دڵسۆزانە لەسەر حیزب و لایەنەکانی بەشداری ئەو خەباتە یارمەتی بەرەوپێشەوەچوون و سەرکەوتووبوونی ئەو خەباتە دەکا.
بە بۆنەی هاوکاتبوونی دەسپێکی کۆنفرانس لەگەڵ ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان، لە دەسپێکی کۆنفرانسدا وتەیەک لەو بابەتەوە پێشکەش کرا و کۆنفرانس سووربوونی کۆمەڵەی لە بەردەوامبوون لە بەشداریی خەبات بۆ نەهێشتنی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان و خەبات بۆ نەهێشتنی هەڵاواردنی رەگەزی بە گشتی دووپات کردەوە.
کۆنفرانس لە کۆتاییدا یادی هاوڕێیانی گیانبەختکردووی کۆمەڵەی بەرز ڕاگرت و بەڵێنی لەگەڵ خانەوادەی هاوڕییان گیانبەختکردوو و کەمئەندامانی کۆمەڵە نوێکردەوە و ڕێزی لە خۆڕاگریی زیندانیانی سیاسی عەداڵەتخواز و ڕزگاریخواز و هەڵسووڕاوانی تەشکیلاتی نهێنی و لایەنگران و خەباتکارانی ڕێگەی پڕ لە شانازیی کۆمەڵە گرت.
بژی سوسیالیزم، بژی ئازادی
سەرکەوتووبێ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد