لە چەند مانگی ڕابردوودا چەن ژنێک لە کوردستان بە دەستی کەسوکاریان کوژراون. ئەو دیاردەیە بەرزترین ئاستی توندوتیژی دژی ژنانە کە لە ڕوانین و کولتوورێکی پیاوسالارانەوە سەرچاوە دەگرێ و دەسەڵات و ئایین پشتیوانیی دەکەن و وادەکەن وەکوو دیاردەیەکی ئاسایی بێتەبەرچاو. ئەو عەقڵییەت و تێگەیشتنە دواکەوتووانەی کە پیاوان بە خاوەنی ژنەکانی ناو خانەوادە دەزانێ و ڕێگەیان پێ دەدا هەوڵ بۆ کونتروڵکردنی ژنان بە هەموو شێوازەکان بدەن و توندوتیژی بۆ ئەو مەبەستە بەکاردێنی، دەبێ ڕێشەکێش بکرێ و بگۆڕدرێ بۆ تێگەیشتنێکی یەکسانیخوازانە و ئینسانی.
قەتڵی نامووسی و کوشتنی ژنان بە بیانووی نامووس تەنها تاوانێک وەکوو هەموو قەتڵێکی دیکە نییە، هاوکات هەوڵێکە بۆ لە کۆت و بەند ڕاگرتنی ژنان و زەوتی ماف و ئازادییەکانیان و درێژکردنەوەی تەمەنی کولتووری پیاوسالارانە.
ئەرکی هەموو ئینسانە ئازادیخواز و پێشکەوتنخواز و یەکسانیخوازەکانە کە دژی کردەوەی نائینسانیی ژنکوژیی هەڵوێست بگرن. بێدەنگی بەرانبەر بە ئەم تاوانانە دەبێتە هۆی ڕوودانی تاوانی زیاتر و بڵاوبوونەوەی ترس لە کۆمەڵگادا.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان وەکوو حیزبێکی خەباتکاری ڕێگەی یەکسانی, وێڕای مەحکوومکردنی توندی ئەو جۆرە تاوانانە، داوا لە هەموو ئەندامان و لایەنگرانی خۆی و هەموو ئینسانە پێشکەوتنخوازەکان دەکا کە بەرانبەر بەم تاوانانە بێدەنگ نەبن و بە هەر شێوازێک کە بۆیان دەکرێ هەوڵ بدەن بۆ بەرانبەرکێ لەگەڵ ئەو دیاردە دزێوە.
کۆمەڵە پشتیوانیی تەواوی خۆی لە کەمپەینی ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد بۆ دژایەتیی دیاردەی ژنکوژی ڕادەگەیەنێ و هاوپشت و هاوکاری هەموو ئەو ڕێکخراو و کەسانەیە کە بۆ نەمانی کولتوری پیاوسالارانە هەوڵ دەدەن و تاوانی ژن کوشتن لە ژێر هەر بیانوویەکدا مەحکووم دەکەن.
نا بۆ کوشتنی ژنان
سەرکەوێ خەباتی یەکسانیخوازانە
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
2019-05-11